کۆیە بردنەوەیەکی بێ سوودی بەسەر یانەی سۆران تۆمار کرد



لە خولی یانە پلەیەکەکانی کوردستان، یانەی کۆیە سەرکەوتنی بەسەر یانەی سۆران تۆمار کرد و نەیتوانی سوود لەبردنەوەکەی وەربگرێت.
لە یارییەکانی گەڕی دەیەم لە کۆمەڵەی یەکەمی خولی یانە پلەیەکەکانی کوردستان، یانەی سۆران لەیاریگەی خۆی و لەبەردەم ھاندەرانی پێشوازی لە یانەی کۆیە کرد، یارییەکەیش بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بەگۆڵێک بۆ بەرژەوەندی یانەی کۆیە کۆتایی ھات.

لەگێمی یەکەمدا، کوڕانی کۆیـە باشتر دەبینران چەند جارێک سەردانی گۆڵی یانەی میوانداریان کرد بەڵام لێهاتوویی گۆڵپارێزی یانەی سۆران گەیلان سادق بووە بەربەست لەبەردەمیان ، لەخولەکی ۲۰ نەوزاد ساڵحی داوەری یارییەکە فیکەی لێدانی سزای لەبەرژەوەندی کۆیە لێدا ، یاریزانی پیشەگەری سووری وڵات عومەر سەرکەوتوو نەبوو لە جێبەجێکردنیدا و گۆڵپارێز ڕێگری لێکرد ، یاریزانانی کۆیە کەوتنەخۆ و بەردەوامیان بە هێرشەکانیان دا تاوەکو لەخولەکی ۳۱ ساڵح جومعەی هێرشبەری یانەکە بەلێدانی سەر تۆڕی سۆرانی هەژاند ، ئەم گێمە هەر بەو ئەنجامە مایەوە .

لەگێمی دووەمدا، یانەی سۆران فشاری خستە سەر گۆڵی کۆیە بەمەبەستی ڕاستکردنەوەی ئەنجامی یارییەکە بەڵام هەوڵەکانیان بێ سوودبوو.
لەکاتێکدا یانەی سۆران سەرقاڵی یەکسانکردنەوەی ئەنجامی یارییەکەبوو لەئەنجامی هێرشێکی پێچەوانە لەخولەکی ۷۱ یاریزان حیکمەت شەمسەدین گۆڵی دووەمی بۆ کۆیە تۆمارکرد ، دوای ئەوە ڕاهێنەری سۆران چەند گۆڕانکارییەکی ئەنجامدا و هێرش دوای هێرش گۆڵی کۆیەییان بەسەر دەکردەوە ئەوەبوو لەخولەکی ٨٨ هۆشمەند تەها ئەنجامەکەی بۆ یانەی سۆران کەمکردەوە .، لەدوایدا یارییەکە هەر بەو ئەنجامە کۆتایی پێهات .

بەو ئەنجامەش یانەی کۆیە خاڵەکانی بۆ ۱٤ خاڵ بەرزکردەوە و لە پلەی سێیەم مایەوە و یانەی سۆرانیش بە ۱۰ خاڵ لە پلەی چوارەم جێگیربوو.

یەکێتی تۆپی پێی کوردستان



PM:07:56:10/04/2018