بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی یەکێتی دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە

بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی  نیشتمانی کوردستان، لەتیف شێخ عومەر دەستی لە پۆستی لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی کێشایەوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە سپی راگەیاند" بەفەرمی لەتیف شێخ عومەر رۆژی ٢٦ ئازاری ئەمساڵ نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی ئاراستەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کردووە".

ئەو سەرچاوەیە هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی " لەتیف شێخ عومەر دەیەوێت بچێتە ریزی ئەو بەرپرسانەی کە خۆیان دەستلەکاردەکێشنەوە، نەک بەزۆر لا دەبرێن".

بەپێی ئەو زانیاریانە لەتیف شێخ عومەر پێشتریش دووجار دەستی لە کارکێشاوەتەوە، کە دەستلەکارکێشانەوەیەکیان لە ماگی حوزەیرانی ٢٠١٧ دا بووە، بەڵام بە تەکلیفی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد گەڕاوەتەوە سەر کارەکەی.

لەتیف شێخ عومەر لە کۆتایی شوباتی ئەمساڵ ٢٠١٨ دا بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر چۆتە تورکیاو دوو هەفتە لەوێ ماوەتەوەو گەڕاوەتەوە، لەگەڵ رۆشتنی بۆ دەرەوەی وڵات شوێنگرتنەوەی ئەو کادیرەی یەکێتی بووە مایەی کێشەو ناکۆکی لەناو مەڵبەند و مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا.

لەتیف شێخ عومەر کە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی یە لە پۆستەکەی وەک ئەندامی سەرکردایەتی دەمێنێتەوە، تا کۆنگرە دەبەسترێت. ( وەک سەرچاوەکەی سپی ئاشکرای کرد ).

لەتیف شێخ عومەر خەڵکی سلێمانی یەو، ماوەی هەشت ساڵە بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی یە کە جاران پێش جیابوونەوەی گۆڕان بە بەهێزترین مەڵبەندی یەکێتی لە هەرێمی کوردستاندا هەژمار دەکرا.
  



PM:02:50:12/04/2018