بەغدا لەسەر ناردنی مووچە مژدەیەک بەهەرێم دەدات

بەرپرسانی بە‌غدا لەسەر ناردنی مووچە مژده‌یه‌ك به‌ فه‌رمانبه‌ران هه‌رێم ده‌دەن و ئاشکرای دەکەن سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو بڕە پارەکەی مووچە ره‌وانه‌ی هەرێم ده‌كرێت.

ماهر جوهان، بریكاری وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی عیراق، رایگه‌یاندووە " حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران، كه‌ هاوكات وه‌زیری داراییه‌ به‌وه‌كاله‌ت، بڕیاری خه‌رجكردنی موچه‌یه‌كی دیكه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانی ده‌ركردووه"‌.

بریكاری وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی عیراق، بە ماڵپەڕی تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاندووە " بڕیاره‌كه‌ له‌ دوانیوه‌ڕۆی رۆژی 19ی 4ی 2018 گه‌یشتۆته‌ وه‌زاره‌تی دارایی عیراق و ئه‌گه‌ر كاتی ده‌وام كۆتایی نه‌هاتایه‌، ئه‌وا هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ رێكاره‌ كارگێڕی و ته‌كنیكیه‌كانی گواستنه‌وه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ بۆسه‌ر هه‌ژماری بانكیی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم ته‌واو ده‌كرا، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو ئه‌و رێكارانه‌ ته‌واو ده‌بن و پاره‌كه‌ش راده‌ستی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم ده‌كرێت".

دەربارەی بەردەوامیدان بەو بڕە پارەیە مانگانە، ماهر جوهان، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، " ناردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم به‌رده‌وامی ده‌بێت و ته‌نها بۆ چه‌ند مانگێكی دیاریكراو نییه"‌.

سه‌باره‌ت به‌ بڕی پاره‌كه‌ش، ماهیر جوهان وتی:" پاره‌كه‌ هه‌مان بڕی مانگی پێشووه‌، كه‌ بریتییه‌ له‌ 317 ملیارو 545 ملیۆن دینار".

تا ئێستا حکومەتی هەرێم مووچەی مانگی یەکی ٢٠١٨ پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ و ئەنجومەنی ئاسایش، هەروەها مووچەی خانەنشینانیش بە سەربازی و مەدەنیەوە نەدراون.



PM:07:14:20/04/2018