هەزاران خێزانی چەکدارەکانی سەر بەتورکیا لە عفرین نیشتەجێکران

هەزاران چەکدار سەر بە دەوڵەتی تورک، بە خێزانەوە چوونەتە عەفرین و دانیشتووانی گوندەکانی عەفرینیشیان لە گوندەکەیان دەرکردووە.

ئەمڕۆ، سوپای تورک و چەکدارە ئیسلامییەکانی سەر بەو دەولەتە، بەشێوەیەکی زۆرەملێ، دانیشتووانی گوندی بەراڤا-ی سەر بە شارۆچکەی شەرا-ی عەفرین-یان لە گوندەکەیان دەرکرد و گواستنیانەوە بۆ گوندی چەما.

سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لە عەفرین-ەو، بە ئاژانسی هاوارنیوز-ی ڕاگەیاندووە، کە سوپای تورک ئەو گوندانەی کە ستراتیژیین و سروشتەکەیان خۆشە، دانیشتووانەکەی بەشێوەیەکی زۆرەملێ دەردەکات و خێزان و بنەماڵەی چەکدارەکان لەشێوێنیان نیشتەجێ دەکات.

هاوکات، سەرچاوەیەکی دیکە لە عەفرینەوە ڕایگەیاندووە، کە هەزار و ٧٠٠ چەتە بەخۆیان و خێزانەکانیانەوە بە ٣١ پاسی گەورە گیشتوونەتە عەفرین.

لەلایەکی دیکەوە، بە سەدان چەکداری سەر بە دەوڵەتی تورک، لەگەڵ خێزانەکانیان لە ناوچەی قەلەمون-ی گوندەکانی شام-ەوە هاتوونەتە کانتۆنی عەفرین و لە شارۆچکەی جندرێس نیشتەجێبوون.



PM:08:29:21/04/2018