گۆڕان لەسەر سوتانی بنکەکەی حاجی ئۆمەرانی روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە

بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر سوتانی بنکەی بانگەشەی هەڵبژاردنی بزووتنەوەکەی لە حاجی ئۆمەران راگەیاندنێک بڵاودەکاتەوەو دەڵێت " كلتوری بارەگا سوتاندن لە ژێردەسەڵاتی پارتی"یە.

دەقی راگەیەندراوەكە:

كلتوری بارەگا سوتاندن لە ژێردەسەڵاتی پارتی


درەنگانێكی شەو كاتژمێر 1و نیو بەولاوە بنكەیەكی بانگەشەی بزوتنەوەی گۆڕان لەناحیەی (حاجی ئۆمەران)ی سەربە قەزای چۆمان دەسوتێنرێت.

هەڵسوراوانی ناحیەكە لەگەڵ دەسپێكردنی هەڵمەتی بانگەشە بنكەیەكی بانگەشەیان كردەوە. چەند ڕۆژێكە هەڵمەتی بانگەشە دەستی پێكردووە، دوو ڕۆژیش لەمەو بەر هەڵسوراوانی ئێمە لەسنوری ناحیەی حاجی ئۆمەران بنكەیەكی بانگەشەیان بۆ گەیاندنی پەیامەكانی بزوتنەوەی گۆڕان و سەرخستنی لیستی ژمارە ۱٤۲ لەناوچەكە كردەوە، بەڵام بەداخەوە ئیمشەو دەستی چەپەڵی ناحەزان و تاریك‌پەرستانی دژ بەئازادی و نامۆ بە دیموكراسیەت، شەمشەمەكوێرەكانی دنیای جەنگەڵ و تاریكستان بنكەكەمانیان سوتاندووە ، لێرەوەش پەیامێك دەدەین بەو لایەنەی كە لەپشتی سوتاندنی ئەو بنكەیەوەیە، كه هیچ شتێ ئێمە سارد ناكاتەوە لەوەی پاشەكشە بكەین لە سەرخستنی بیری ڕەوانشاد نەوشێروان مستەفا، چونكە ئێمە لە ڕۆژی ئەوەڵی دامەزراندمانەوە بەڵێنمانداوە كەتاسەر بەردەوام دەبین لە سەرخستنی بەرنامەكانی بزوتنەوەی گۆڕان.


سوتاندنی بنكە و بارەگا حزبیەكانیش كلتورێكە ساڵانێكی زۆرە لەلایەن دەسەڵات بەتایبەت پارتی دیموكراتی كوردستانەوە داهێنراوە، سوتاندنی هەر بنكە و بارەگایەكیش مانای ئەوە دەگەیەنێ كە دەسەڵات فرە ڕەنگی و دەنگی جیاوازی پێ هەزم ناكرێت لەناوچەكە، لەگەڵ ئەوەشا لای ئێمە ئەوە دەگەیەنێت كە دیارە دەسەڵات دركی كردوە كە بزوتنەوەكەمان لیستی ژمارە ۱٤۲ سەركەوتنی گەورە مسۆگەر دەكات، چونكە جۆش و خرۆشی گۆڕانخوازان و گڕو تینی هەموولایەكمان وایكردوە چاویان لە ئاست بینینی دا كوێر دەبن .


بەڕێزان ئێمە وەك بزوتنەوەی گۆڕان هەموو لایەك لەوە ئاگادار دەكەینەوە ئەگەرچی ناتوانین پەنجەی تۆمەت بۆ هیچ لایەنێك درێژ بكەین سەبارەت بەسوتاندنی بنكەكەمان، چونكە بەڵگەی مەلموسمان لەبەردەست نیە وەك شاهێدعیان یانیش هەر شتێكی تری وەك كامێرای چاودێری بەڵام بەدڵنیاییەوە جیهەتی مەعنی لەناوچەكە بەرپرسیارە لە ڕووداوی سوتاندنی بەئەنقەستی ئەم بنكەیە، چونكە ئەركی هێزە ئەمنیەكانی ئاسایش و ناخۆ ڕوون و ئاشكرا دیارە كە بەرپرسن لەپاراستنی ئەمنیەت و ئاسایشی ناوچەكە و گیانی هاوڵاتیان و سەروەت و سامانیان و بنكە و بارەگا حوكمی و حزبیەكان.


لێرەوەش دەسەڵات لەوە ئاگادار دەكەینەوە كەوا ئێمە، ئێوە بە بەرپرسیار دەزانین لە ڕووداوی سوتانی بنكەكەمان. چونكە ئەگەر ناتوانن بەئەركی خۆتان هەڵسن، یانیش نەتانەوێ، ئەوا هیچ گومانێك لەسەرخۆتان ناهێڵنەوە لە كەوتنەوەی ڕووداوی لەم شێوەیە و دوبارە و چەند بارە بونەوەی، ئەوەش نیشانەی پرسیار و جیقڵدانەی بچوكی ئێوە و نەفەسی تەنگی ئێوە و نامۆیی ئێوە بە دنیای دیموكراسیەت دەسەلمێنێ.


ڕاگەیەنراوی مەكۆی چۆمان



PM:01:34:23/04/2018