باوکی یوسف محەمەد دەستی لە یەکگرتوو کێشایەوە

محەمد سادق، باوکی سەرۆکی دەستلەکارکێشاوەی پەرلەمانی کوردستان بە فەرمی دەستی لە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کێشایەوە.

لە پەیامێکدا "کە وێنەیەکی بۆ "سپی"، نێردراوە، مامۆستا محەمد سادق، ئەندامی دێرینی یەکگرتوو و باوکی یوسف محەمەد،سەرۆکی دەستلەکارکێشاوەی پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات، "دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە حزبەکەی کە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە، رادەگەیەنێت".

ناو براو هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەی لە یەکگروو بۆ خراپی مامەڵەی حزبەکەی گەڕاندەوەو وتی،" دێن پرسیاری ئەوەمان لێدەکەن کە پاڵپشتی چ لایەنێک دەکەین و لە میدیاکان و فەیسبوک بۆمەرامی بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاری دەهێن لە دژی د. یوسفی كوڕم".

مامۆستا محەمەد سادق یەکێکە لە کەسایەتیە دیار و دێرینەکانی ناو یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و لە پێشتریش ئەندامی مەڵبەندی سلێمانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و دەستەی دامەزرێنەری ئەو حزبە بووە.

دەقی پەیامەکە:
پەیامێک بۆ خەڵک و دەنگدەرانی کوردستان.
دوای ئەوەی رۆژی ٢٦ ی ٤ی ٢٠١٨ بەدڵێکی ساف و پڕ جۆشی ئیمانی ئامادە بووین لە ئیحتیفالی، بانگەشەی لیستی 175ی یەکگرتوو، لە میانی لێدوانێکمان بۆ کەناڵی سپێدە بۆ دەڕبرینی پشتیوانیمان بۆ لیستی ١٧٥ بەڵام لەو رۆژەوە لە ڕێی فەیسبوک و چەند ماڵپەڕێکەوە شیواندنی بۆ کراوە بەئامانجی بەکارهێنانی بۆ بانگەشەی لیستی ١٧٥ لەسەر حسابی لێدان لە شەخسی کوڕەکەم دکتۆر یوسف.

پێمان سەیر بوو کە تا ئێستا بڕوایان بە ئەندامەکانیان نییە بە تایبەت ئەندامانی دامەزرێنەری وەکو ئێمە. دێن پرسیاری ئەوەمان لێئەکەن کە پاڵپشتی چ لایەنێک ئەکەین و لە میدیاکان و فەیسبوک بۆمەرامی بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاری دەهێن لە دژی د. یوسفی كوڕم.

من لە ئێستاوە بێبەری بونی خۆم لەو حیزبە رائەگەینم کە بەو شێوەیە مامەڵه لەگەڵ ئەندامە سەرەکییەکانی خۆیاندا دەکەن ئیتر
ئەبێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم گەلە ستەمدیدەیە بكەن.

یوسف پەروەردەی خۆمەو خۆم پەروەردەم کردووە ئەزانم چەند پارێزكاره، تەنانەت نەزیهترە لە زۆرلەوانەی کە خۆیان بە پێشەوا ئەزانن.

کوڕی من ئەگەر بۆ پلەو پۆست و پارە ئامادە بوایە به وازهێنان لە بیروباوەڕه سیاسیەكەی، ئێستا بازاڕی ئێوە بەو شێوەیە نەدەبوو هەر بۆیە متمانەی تەواوم پێیەتی و جێگای شانازی من و ئەندامانی خێزانەکەم و تەواوی خەڵکی بە ئەمەکی کوردستانە.

خوایە تۆ خۆت ئاگاداری دڵی منیت، خۆت پشت و پەنای زوڵملێکراوانیت.


AM:10:55:30/04/2018