لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردن
مێزەرەكان، ئەو سینییە زێڕەن دەنگ بۆ حزبەكان كۆدەكەنەوە

دانانی چەند بەربژێرێک لە پیاوانی ئاینی لە نێو لیستە جیا جیاکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، مشتومڕی زۆری لەنێو رای گشتیدا دروستکردووە، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی هەرێم دان بەوەدا دەنێن، مەلاو بانگخوازانی هەرێم لەدوای چوونیان بۆ پەرلەمان پێگەی جەماوەری مەلایەتان وەک جاران نامێنێت، پەرلەمانتارانیش بەهۆی ئەزمونی چەند ساڵەیان لەگەڵ مەلا پەرلەمانتارەکان، بۆیان دەرکەوتووە ئەوان ناتوانن لە پرسە کۆمەڵایەتییەکاندا رۆڵی پۆزەتیڤ بگێڕن، لای کاندیدەکان خۆشیان، بوون بەپەرلەمانتار بەکارێکی ئاسایی و شەرعی دەزانن.

لیستە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی زۆرێک لە لیستە عێراقییەکان، لە ریزبەندی ناوی کاندیدەکانیاندا بەربژێری پیاوانی ئایانی "ئیسلامیان" دەستنیشان کردووە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە بڕیارە ١٢ی ئایاری ئەمساڵ ئەنجامبدرێت. دانانی پیاوانی ئاینی ئەمجارە تەنها بە لیستە ئیسلامییەکانەوە نەوەساتەوە، بەڵکو لە ریزبەندی ناوی کاندیدی زۆرێک لەو هێزانەی کە خۆیان بە مەدەنی و عەلمانی دەزانن چەندان پیاوی وتاربێژ و بانگخواز و قورئان خوێن بەدیدەکرێت، ئەم پرسە گفتوگۆی زۆری لەنێو دەستبژێرەکانی کۆمەڵگدا دروستکردووە.
  
مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و پێكەوەژیانی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف بە (سپی)، راگەیاند " بەپێی ٢٤ ساڵی ئەزمونی کارکردنم لە وەزارەتی ئەوقاف، هەموو ئەو مامۆستا ئاینیانەی، کە لە وتاردا بوون و دەنگی پێویستیان بەدەست هێناوەو سودیان لە ئاینی ئیسلام و میمبەری مزگەوت و پێگەی مامۆستایەتیان وەرگرتووە، کاتێک چونەتە پەرلەمان پێگەیەیان وردە وردە لەناو جەماوەردا لاوازبووە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە، کە خەڵکی حەز بەوە ناکات مامۆستایانی ئاینی تێکەڵ بەکاری سیاسەت بن و، پێیانوایە پێگەی مامۆستایانی ئاینی دەبێت لە میمبەر و مزگەوت دا بێت".

سەبارەت بە چوونی ئەو ژمارە زۆرەی مامۆستایانی ئاینیی، کە بەهۆی پێگەی ئاینییانەوە دەگەنە پەرلەمان و دواتر هەندێکیان لەسەر وتاردان و خوتبەی هەینییەکان دەیانەوێت بەردەوامبن، نەقشبەندی پێیوایە بەپێی یاسا هەر کەسێک فەرمانبەری حکومەت بێت، ناتوانێت دوو کار کۆبکاتەوەو، وتی" ئەو کەسانەی دەبنە پەرلەمانتار مەلا بن، یاخود فەرمابەری وەزارەتی ئەوقاف، کارەکەیان لە وەزارەتی ئەوقاف کۆتایی پیدێت، لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنیشدا رێگە نادرێت میمبەری مزگەوت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکار بهێنن".

ئەو جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە، هەر مامۆستایەک مزگەوتەکەی بەکاربێنێت بۆ بانگەشەکردن لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت و لە وتاربێژی دوور دەخرێتەوە.

بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و پێكەوەژیانی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف، خۆ کاندید کردنی مامۆستایانی ئاینی بۆ حزبە ئیسلامییەکان گەڕاندەوە ، کە پێیانوایە سیاسیەت و دینداری دوو شتی پێکەوە بەستراون و، وتی،" کاندیدبوونی مامۆستایانی ئاینی لەسەر لیستە جیاوازەکان شتێکی ئاساییە، زۆرتریین ئەو مەلایانەی خۆیان کاندید دەکەن دەبینین ئەندامی حزبین، یان سەر بە حزبە سیاسییەکانن، یان بە جۆرێک لە جۆرەکان بەوانەوە گرێدراون".

مەریوان نەقشبەندی ئەوە دەخاتە روو، کە زۆر بەدەگمەن مامۆستایەکی بێلایەن دەبینین خۆی کاندید بکەن یاخود ئەهلی تەسەوف و سەلەفییەکان ناچنە پەرلەمان و دەڵێت" چونکە ئەوان بڕوایان بە تێکەڵکردنی دین وسیاسەت نییە".

بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و پێكەوەژیانی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف، لەبارەی پتر كاندیدكردنی پیاوانی ئاینی ئیسلامی جیاواز لە پیاوانی ئاینی ئاینەكانی دیكە لەسەر لیست و قەوارە سیاسییەكان، دەڵێت " پێکهاتەکانی دیکە لە وڵاتانی جیهان تەجروبەی ئەوەیان کردووە تێکەڵاویی دین و سیاسەت زیانی گەورە بە کۆمەڵگا دەگەیەنێت، بۆیە وازیان لە سیاسەت هێناوەو کۆمەڵگەیەکی ئارام و رێک و پێکیان بۆخۆیان دروستکردووە"، ئەو لەدرێژەی قسەکانیدا وتیشی " بەڵام ئاینی ئیسلام چونکە دوایین ئاینە، هێشتا لەژێر کاریگەری ئەوەدان پێیانوایە دینداری و سیاسیەت پێکەوە گرێدراون، دڵنیام رۆژێک ئەوانیش دەگەنە ئەو راستییەی، تێکەڵاوکردنی دین و سیاسەت زیانی زۆرتر دەبێت وەک لە قازانج".

ئێستا كە وەرزی بانگەشەیە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ٣٢٩ كاندید لەنێو زیاتر لە ٧ هەزار كاندید هەڵدەبژێرن، لەو ژمارەیە لە هەرێمی کوردستان ٥٠٣ کاندید کێبەركێ لەسەر ٤٦ کورسی دەکەن، لە نێو کاندیدەکانی کوردستاندا وێنە و پۆستەری بەشێك لە پیاوانی ئاینی، كە سوورن لەسەر ئەوەی بە عەمامە و جلە تایبەتییەكانی ئاینییەوە دەربكەون، لە شەقام و شۆستە و سەر دیوارەكانەوە دەبینرێت.

ئاوات شێخ مەحمود نەقشبەندی، پیاوێكی ئاینییە كە لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان"حزبێكی نەتەوەیی" خۆی کاندید کردووە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەو هیچ كێشەیەك لە خۆ كاندیدكردنی پیاوانی ئاینی بۆ پەرلەمان نابینێت و پێیوایە بەپێی رێسا و یاساكانی كۆمیسیۆن رێگەپێدراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو پیاوە ئاینییە كە لەسەر پارێزگای سلێمانی خۆی كاندید كردووە بە سپی راگەیاند " لەڕووی شەرعیشەوە ئەم پرسە هیچ کێشەیەکی تێدانییە"، ئەو پێیوایە، پەرلەمان دامەزراوەیەکی تەشریعییە کە چاودێری حکومەت دەکات، باشترین کەسێکیش لەناو چێنەکانی کۆمەڵگا بتوانێت ئاگاداری ئەموو ئەو بنەما کۆمەڵایەتی و زانستیانە بیت، کە یاسای لەسەر دادەڕێژرێت و چاودێری حکومەت بکات، مامۆستایانی ئاینین.

ئەو پیاوە ئاینییە كە زۆر سوور بوو لەسەر قسەكانی دەڵیت" پەرلەمانی عێراق پێویستی بە کەسێکە عەرەبییەکی زۆر باش بزانێت، مامۆستایانی ئاینیش لەبەر ئەوەی لە حوجرەکانی کوردستانەوە پەروەردەبوون، نوێنەرێکی زۆر باشن بۆ ئەوەی خەڵکی فێری زمانی عەرەبی ببێت، ئەو زمانەی کە پێیدەوترێت زمانی قورئانی". ئەو دکتۆر فوئاد مەعسوم سەرۆک کۆماری ئێستای عێراقە کە کۆلێژی شەریعەی تەواو کردووەو یەکێک بووە لە داڕشتنی یاساو دەستوری عێراقی رۆڵێکی بەرچاوی گێڕاوە، بە نموونە هێنایەوە.

ئاوات نەقشبەندی بە ئاسایشی دەزانێت كە بەربژێری پارتێك نییە لە پارتە ئیسلامییەكان، بەڵكو لەسەر پارتێكی عەلمانی "نەتەوەیی" کاندید کراوەو، دەڵێت" ئێستا حزبی عەلمانی و ئیسلامی باوی نەماوە و حزبی جەماوەری جێگەی گرتووەتەوە".

لە عێراقدا كە هێشتا قسەی یەكەم هی مەرجەعی شیعە و سونەکانە، چەندین عەمامە بەسەر بەناوی ئاینەوە خزاونەتە نێو پەرلەمان، لە نێو سوونەكانیشدا چەندین پیاوی ئاینی، كە پێشتر خۆیان وەكو دەموچاوی دیاری مزگەوت و بۆنە ئاینییەکان دەناساند چوونە پەرلەمانەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا لە نێو حزبە كوردستانییەكانیشدا ئەم پرسە وەكو دیاردەیەکی باوی لێ هاتووە، بەڵام ئەم پرسە لای زۆرێك بە "نێگەتیڤ" دەزانرێت بەتایبەت، كە داوا دەکەن سیاسەت و ئاین دەبێت لەیەكتر داببڕێندرێن.

گەشە دارا حەفید، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی ئەم پرسەوە پێیوایە هەڵبژاردنی مەلاکان پەیوەندی بە بەرنامەی لیستەکانیانەوە هەیە، کە ئایا بەرنامەی ئەو لیستەو تێڕوانینی چییە بۆ خەڵکی کوردستان و حکومڕانی، هەروەها پەیوەندی دین ودەسەڵات چۆن دا ئەڕێژێت، ئەو دەڵێت " وەک تاک پیاوی ئاینی جیاوازە و دەبێت پابەند بێت بە بنەماکانی شەریعەوە، ئەگەرچی تا ئێستا هیچ لیستێک لای ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان دژ بە بنەماکانی ئاینی ئیسلام نەوەستاوین، بەڵام پێویستە بە هەموومان حوکمێکی مەدەنی دروستبکەین ئەمەش کاتێک لایەنەکان پێوەی پابەند دەبن، کە دەستورێک داڕێژرابێت ئەم بابەتە یەکلا بکاتەوە".

ئەو پەرلەمانتارەی کوردستان ئاشکراشی کرد، کاتێک پیاوانی ئاینی دێنە پەرلەمان  پابەند دەبن بەوەی کە وەک پیاوێکی ئاینی دەور ببینێت، راستە ئەتوانێت داکۆکی لە مافی هاوڵاتیان بکات، بەڵام زۆر جار لە روانگەی خۆیەوە ناتوانێت لە بابەتەکانی ژناندا تەفسیر بۆ هەندێک شت بکات، بۆنمەنە لەیەکێک لە خولەکانی پێشوی پەرلەمان بەهۆی بەکارهێنانی وشەی جێندەر چەندین تەفسیری جیاوازیان بۆکرد  کە ئەمە چەمکێکی رۆژئاواییە، بۆیە مەلاکان تەنها لە بابەتە خزنەتگوزارییەکاندا رۆڵی خۆیان گێڕاوەو لە بابەتەکانی ژناندا نەیانتوانیوە رۆڵی بەرچاو بگێرن و خواست و ئامانجەکانی ژنان بهێننە دی".

لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا لیستە ئیسلامییەكان لە كوردستان لەرێگەی کاندیدی پیاوانی ئاینیەوە، دەنگێکی زۆریان خستووەتە سەر سفرەی حازری حیزبەکانیان، لە ئێستاشدا حزبە عەلمانییەكانیش ئەمەیان كردووە بە ئامانجێك بۆ ئەوەی بە مێزەری مامۆستای ئاینی دەنگی پتر كۆبكەنەوە.

عەزیز رەووف، رۆژنامەنووس و مامۆستای زانکۆ دەڵێت "کێشەی ئێمە لەگەڵ عێراقدا دەستوریی و یاساییە کێشەیەکی دینی نییە، بۆیە ناکرێت ئایین لەم بابەتانەدا تەداخول بکات، ئەم حزبانەی ئێمە کە ئەمە دەکەن خۆیان دەزانن لە ماوەی ٢٧ ساڵی رابردودا چی کێشەیەکیان ناوەتەوەو کۆمەڵگای ئێمەیان کردووە بە کۆمەڵگەیەکی دینی و خواپەرست، دێن لە ناو ئەمانەدا بانگخوازەکان دەهێننە پێشەوە".

ئەو رۆشنبیرە پێیوایە کە پێشخستنی پیاوانی ئاینی بۆ ڕاکێشانی دەنگە و دەڵێت" رەنگە ئەگەر کەسێکی مارکسی بێنی ٢٠٠ دەنگ نەهێنێت، بەڵام ( مەلایەکی فێڵباز) بێت دەنگێکی زۆر دەهێنێت بەو هۆیەی ئێمە کۆمەڵگەیەکی دینیمان هەیە، تێکڕای دیاردەکەش پاشەکشێیە لە سیاسەت".

لەبارەی کاری لە مێژینەی مەلاکان لە پەرلەمان ئاماژەی بەوەشدا، مەلاکان هیچ رۆڵێکی ئەوتۆیان نەبووە لە خولەکانی رابردووی پەرلەمان، بە پێچەوانەوە رۆڵی زۆر خراپیان هەبووە بەتایبەت مەلاکانی پەرلەمانی کوردستان، ئەو نموونە دەهێنێتەوەو دەڵێت " بۆ نمونە رۆڵیان هەبووە لە سەر بابەتی سرودی ئەی ڕەقیب و، ئازادی تاکەکەسی و، بابەتی یاسای باری کەسێتی و، لەسەر ئازادی ژنان هاتونەتە جواب و رۆڵی خراپیان گێڕاوە، بۆیە چوونی ئەوانە بۆ پەرلەمان زەربەیەکی کوشندەیە لە دونیای ئێمە".

عەزیز رەووف جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، پیاوی ئاینی بۆی نییە سیاسیەت بکات و نابێت بێتە ناو پەرلەمانەوە.

ئێستاش مێزەر و عەمامە بەسەرەکان لەنێو پەرلەمانی كوردستان و عێراقیشدا هەن، بەشێك لە خەڵكی پێیانوایە بوونی ئەوان هیچ ئاماژەیەكی باش نییە بۆ سیستەمی سیاسی و شوێنی راستەقینەی پیاوی ئاینی سەر مینبەرە نەوەك كورسیی پەرلەمان، بەڵام هەندێكی تر بە پێویستی دەزانن پیاوی ئاینی لە ژێر گۆمەزی پەرلەمانیشدا هەبێت بۆ پاراستنی بەها ئاینییەكان.

سپی: دەروون رەشید



PM:08:57:01/05/2018