نەوەی نوێ ڕاگەیاندراوێکی لەسەر هێرشکردنە سەر بزوتنەوەی گۆران بڵاوکردەوە

جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئیدانەی هێرشکردنە سەر مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆران دەکات لە سلێمانی و ڕایدەگەینێت، ئەو ھێرشانە پەلەقاژەی مەرگی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانە.

لە ڕاگەیاندراوێکدا جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئاماژە بە ئەوە دەکات، لە کاتێکدا حیزبەکانی دەسەڵات بەشێوەیەکی سیستەماتیك و فراوان بەرێگەی تەکنیکی ئاڵۆز، بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەستکاری ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکانی ئەمڕۆیان کردوە بۆ سەپاندنی ئەو ئەنجامانە، ھێرش و ھەڕەشەی چەکداری بۆسەر حیزبە ناڕازیەکان بە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن دەستیپێکردوە.

نەوەی نوێ ئەوەش دەخەنەڕوو، ئەم شەو لە شاری سلێمانی ھێزێکی چەکداری یەکێتی ھێرشی کردە سەر مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە.

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، ئەو ھێرشە چەکدارییەی یەکێتی بۆسەر بزوتنەوەی گۆڕان رسوا و شەرمەزار دەکەن و ھەمو لایەك دڵنیا دەکەنەوە کە ئەو ھێرشانە پەلەقاژەی مەرگی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانە و بێگومان سەرەتای قۆناغی کۆتایی ئەم دەسەڵاتە دەستی پێکردوە.

شەوی ڕابردوو میدیای گۆڕان بڵاویکردەوە، کە هێزێکی یەکێتی دەیەوێت هێرش بکاتە سەر گردی زەرگەتەو میدیای گۆڕان و داوای لە لایەنگرانی کردووە گردی زەرگەتە و مەزاری نەوشیروان مستەفا بپارێزن.



AM:08:11:13/05/2018