هەڤاڵ ئەبوبەكر پەیامێكی بڵاوكردەوە

هەڤاڵ ئەبووبەكر، پارێزگاری سلێمانی ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و داوا لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق دەكات، بەخێرایی پرسی ئەنجامی هەڵبژاردن لە سلێمانی یەكلا بكاتەوە و گومانەكان بڕەوێنێتەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەكە:

بانگەوازێكی بەپەلە بۆ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عێراق

ئەنجامە بەراییە ڕانەگەیەنراوەكانی ھەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەری عێراق لە پارێزگای سلێمانیدا، گومان و ناڕاستیی لای ھەموو قەوارە سیاسییەكان دروست كردووە و لەبری ئەوەی ھەڵبژاردنەكان ئارامیی و ئاسایش بێننە كایەوە، بوونەتە مایەی تێكدانی ئاسایش و ئارامیی خەڵك و قەوارە سیاسییەكان لە پارێزگاكەماندا.

بۆیە وەك ئەوەی لە ڕۆژانی پێشتردا ھەموو نیگەرانی و ناڕەزایی و زانیارییەكانمان گەیاندووەتە بەڕێزان سەرۆك و ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عێراق و بەڵێنی چارەسەركردنی یاساییانەی ئەم پرۆسەیەیان داوە، داوا لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عێراق دەكەین بەخێرایی ئەم بابەتە یەكلایی بكاتەوە و گومانەكان بڕەوێنێتەوە.

د. ھەڤاڵ ئەبوبەكر

پارێزگاری سلێمانی

١٣/٥/٢٠١٨



PM:12:42:13/05/2018