گۆڕان: سەرتاپای ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنە رەتدەکەینەوە

بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت کە سەرتاپای ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنە لە پارێزگاکانی هەرێم‌و کەرکوک‌و هەندەران رەتدەکەینەوە.
لە راگەیاندراوێکدا کە ئەمشەو بزووتنەوەی گۆڕان بڵاویکردەوە تیایدا هاتووە" ئێوە لە رۆژی ١٢ی مانگ لە پرۆسەیەکی دیموکراسیدا‌و لەرێگای دەنگەکانتانەوە سزای دەسەڵاتە شکستخواردوو تاڵانچی‌و خاکفرۆشەکانی کوردستانتان داو لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا متمانەتان دا بە بزوتنەوەی گۆڕان. بەڵام دەسەڵاتدارانی کوردستان ئامادە نەبون ئەنجامی هەڵبژاردنەکان وەک ئەوەی ئێوە نەخشانتان قبوڵ بکەن. بۆیە پەنایان بۆ تەزویرێکی رێکخراوو گەورە برد بۆ لەباردنی پرۆسەی سیاسی لە کوردستان‌و گێڕانەوەی کوردستان بۆ سەردەمە نەخوازراوەکان. هەر بەوە نەوەستان‌و شەوی رابردو چەکدارەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەو چەکانەی کە دەبو بەرگری لە کەرکوک‌و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان بکەن پەلاماری مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان یان دا".

هەروەها گۆران پێ لەسەر هەڵوێستی خۆی دادەگرێت و دەڵێت " ئێمە لە کاتێکدا بە توندی ئیدانەی ئەو پەلامارە دەکەین‌‌و پێمان وایە ئەو جۆرە رەفتارانە خەباتی مەدەنی‌و ئاشتی کۆمەڵایەتی لەم هەرێمە دەخاتە بەردەم هەڕەشەو مەترسییەوە. لە هەمان کاتدا سوپاسی هەمو ئەو دڵسۆزانە دەکەین کە دوای پەلامارەکەی شەوی رابردو هاتنە گردی زەرگەتەو ئامادە بون بە گیانی خۆیان بەرگری لە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان بکەن".

ئەو حیزبە دەڵێگ "ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان سەرتاپای ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنە لە پارێزگاکانی هەرێم‌و کەرکوک‌و هەندەران رەتدەکەینەوەو بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی، هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی‌و دادپەروەری‌، یەکگرتوی ئیسلامی، حیزبی شیوعی کوردستان‌و بزوتنەوەی ئیسلامی رێکاری یاسایی‌و هەوڵی سیاسی دەگرینە بەر. هەروەها هاوڵاتیانی کوردستان‌و دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان دڵنیا دەکەینەوە کە بە هیچ شێوەیەک سازش لەسەر دەنگەکانیان ناکەین‌و مافەکانیان بۆ دەگێڕینەوەو هەمو بژاردەیەکیش لەبەردەم بزوتنەوەی گۆڕاندا کراوەیە".

لە کۆتاییدا بەیانەکەدا گۆڕاندا دەڵێت" سوپاسی هەڵوێستی جوامێرانەی سەرجەم هەڵسوڕاوو گۆڕانخواز‌و دەنگدەران دەکەین کە لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا ماندونەناسانە شەوو رۆژ کاریان بۆ سەرخستنی لیستەکانی بزوتنەوەی گۆڕان کرد لە پارێزگاکانی هەرێم‌و کەرکوک‌و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان. هەموان دڵنیا دەکەینەوە کە گۆڕان ئیرادەیەکی بەردەوامەو سەرکەوتن بۆ خەڵکی کوردستانە".



PM:08:23:13/05/2018