نەوەی نوێ یەكێتی و پارتی بە بەرپرسیار لە ساختەكاری دەزانێت

جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند تەنها یەكێتی و پارتی لە ساختەكاری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق بەرپرسیارن و دەڵێن " دەرگامان كراوە دەبێت بۆ كاری هاوبەش لەگەڵ لایەنە ناڕازییەكانی هەرێم".

ئەمڕۆ سێشەممە 15ی ئایاری 2018، جووڵانەوەی نەوەی نوێ كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق ئەنجامدا.

رابون مەعروف، سەرۆكی لیستی نەوەی نوێ لە پارێزگای هەولێر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا رایگەیاند، دەرگایان كراوە دەبێت بۆ كاری هاوبەش لەگەڵ لایەنە ناڕازییەكانی هەرێم، وتیشی "ساختەكارییەكە تەنها لە بەشیێكی كوردستان نەبووە، بەڵكو لە تەواوی هەرێمی كوردستان و كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان و لەو ناوچانە كراوە، كە یەكێتی و پارتی دەسەڵاتیان تیایدا هەیە".

ئاماژەی بەوەش كرد، نەهاوپەیمانی دەكەن و نە حكومەت پێكدێنن، بەڵام ئامادەن لەگەڵ ئەو هێزانەی كە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە ناڕازین، كاری هاوبەش ئەنجامبدەن و ڕاشیگەیاند، "هەروك پێشبینیمان دەكرد، ئێمە سەلماندمان نەوەی نوێ هی جەماوەری بەهێزە و وێڕای ساختەكاری نەیانتوانی سەركەوتنی نەوەی نوێ بشارنەوە"

ڕابوون مەعروف ئەوەشی خستەڕوو، ئەوان لەو هێزانە نین لەبەر فشارەكانی یەكێتـی و پارتی چۆك دابدەن و ڕابەرایەتی كۆتایی بەو حزبانە دەكەن.




PM:12:14:15/05/2018