پارێزگاری کەرکوک لێدوانێکی کۆمسیۆن رەتدەکاتەوە

پارێزگاری كەركوك وەڵامی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقی دایەوەو، رەتکردەوە نوسینگەی كۆمسیۆن لە شارەکە لەلایەن گروپی چەكدارەوە گەمارۆ درابێت. 

راكان جبووری، پارێزگای كەركوك بە وەكالەت رۆژی چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، "ئەو هەواڵانەی باس لە گەمارۆدانی نوسینگەی کۆمسیۆن لە کەرکوک دەکەن دوورن لەراستییەوە، بەڵام ئەوەی هەیە گردبوونەوەی ژمارەیەك مانگرتو و خۆپیشاندەرە لەبەردەم نوسینگەی كۆمسیۆن لەكەركوك و ئەنجامی هەڵبژاردن رەتدەكەنەوە". 

ئەوەشی خستەروو "هێزەكانی دژە تیرۆر و پۆلیسی شارەكە خۆپیشاندەر و مانگرتووەكان دەپارێزن كە بەشێوەیەكی ئاشتیانە گردبوونەتەوە". 

جبوری باسی لەوەشکرد، "بەردەوامبوونی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە ئاشتیخوازانەكانی كەركوك لە دژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، كە تا ئێستا كۆمسیۆن هیچ بڕیار و هەنگاوێكی نەگرتووەتە بەر لەبەرامبەر ئەو سكاڵایانەی كە قەوارە سیاسییە عەرەبی و توركمان و كوردییەكانی شارەكە پێشكەشیان كردووە، سەبارەت بە دەنگدانی گشتی لەپارێزگای كەركوك". 

پارێزگاری كەركوك  بە وەکالەت راشیگەیاند،" ئۆباڵی فەوتانی دەنگدانی هاووڵاتیانی عەرەب و توركمانی کەرکوک لە ئەستۆی ئەنجومەنی كۆمسیاراندایە و، ئەوان بەرپرسیارن لەرژانی هەر دڵۆپێك خوێن کەلەو پارێزگایە بڕژێت".


AM:12:24:17/05/2018