بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر دەنگۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئیبۆلا لە هەرێمی کوردستان ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت "دوورە لە ڕاستییەوە".
سامان بەرزنجی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "هاوڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە کە هیچ حاڵەتێکی نەخۆشی ئیبۆلا لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش لە شاری هەولێر ڕووینەداوە و ئەو دەنگۆیانە تەنها بانگەشەی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووە".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو جۆرە نەخۆشیە کە لە ئاژەڵدایە و دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ تەنها لە وڵاتانی کیشوەری ئەفەریقادا بوونی هەیە، تا ئێستاش نەک تەنها لە شاری هەولێر و هەرێمی کوردستان بەڵکو لە عێراق و وڵاتانی دراوسێشدا ئەو جۆرە نەخۆشیە تۆمارنەکراوە.
دووپاتیشکردەوە، هاوڵاتیان هیچ نیگەرانی و ترس و دڵەراوکێیان نەبێت لەسەر ئەم جۆرە نەخۆشیە لە هەرێم.
سەبارەت بە بوونی بەڵگە لەسەر نەخۆشیەکە ئەوەشی خستەڕوو، هەرکەس و لایەنێک زانیاری دەربارەی نەخۆشییەکە بدات بە تەندروستی هەولێر، ئەوان پێشوازی لێدەکەن و روونکردنەوەکەیان تەنها بۆ هاوڵاتییانە نەک بۆ وەڵامدانەوەی کەسێکی دیاریکراو.
شایەنی باسە لە چەند رۆژی ڕابردوودا لە تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبوک چەندین پەیج دەنگۆی ئەوەیان بڵاوکردەوە کە نەخۆشی ئیبۆلا لە هەولێر بڵاوبووەتەوە و کەسێک گیانی لەدەستداوە.
نەخۆشی ئیبۆلا بۆ یەکەم جار لە شاری ئیبۆلا لە وڵاتی زائیر لە ناوەڕاستی ئەفریقا دەرکەوتووە لە ساڵی ١٩٧٦ و ژمارهیهك كهسیش بەهۆی ئەم نەخۆشیەوە گیانیان لەدەستداوە.