دادگای فیدراڵی لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردن ڕوونکردنەوە دەدات

دادگای فیدراڵیی لەسەر ئەو تانەیەی لەئەنجامی هەڵبژاردن ئاراستەی كراوە، روونكردنەوە دەدات و رایدەگەیەنێت رۆڵی دادگاكە لەدوای پێشكەشكردنی ناوی كاندیدە دەرچووەكان دەستپێدەكات.

ئەیاس سامۆك، وتەبێژی فەرمیی دادگای باڵای فیدراڵیی عیراق، راگەیاندراوێكی لەبارەی ئەو تانەیە بڵاوكردەوە، كە ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن ئاراستەی كردبوون.

لەو راگەیاندراوەدا كە ئەمڕۆ 20ی 5ی 2018 بڵاوكراوەتەوە، تێیدا هاتووە" تانەو سكاڵاكان سەرەتا پێشكەشی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دەكرێت، ئەوەش بەگوێرەی حوكمەكانی مادەی (8) لە یاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەمواركراو.

راگەیاندراوەكە، ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو بڕیارەی لە ئەنجومەنی كۆمسیاران دەردەچێت، دەكرێ لەبەردەم دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان-ی دادگای هەمواركردنەوەی فیدراڵی تانەی لێبدرێت.

وتەبێژی دادگای باڵای فیدراڵیی، روونیشیكردۆتەوە، رۆڵی دادگاكەیان ئەو كاتە دەستپێدەكات، كە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، لیستی ناوی كاندیدە دەرچووەكان بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی نوێنەران پێشكەش دەكات، لەئەگەری هەبوونی تانەش، ئەوا دەكرێ پێشكەشی دادگای باڵای فیدراڵی بكرێت لەمیانەی چاوخشاندنەوە بە پرۆسەی پەسەندكردنی لیستە براوەكانی هەڵبژاردن.



PM:03:37:20/05/2018