هەینی داهاتوو تەرمی عادل موراد ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی و سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی دەگاتەوە شاری سلێمانی و بەخاک دەسپێردرێت.
ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، ئەمرۆ لێژنەی باڵای مەراسیمی هێنانەوەی تەرم و بەخاکسپاردنی عادل موراد بە سەرۆکایەتی قادرعەزیز ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی و بە بەشداری بنەماڵەی عادل موراد کۆبووەتەوە و لە کۆبووەنەوەکەدا رێكارەكانی هێنانەوەی تەرمی عادل موراد و ئەنجامدانی ڕێوڕەسمێکی شایستە بۆ پێشوازیكردن و بەخاك سپاردنی گفتوگۆی لەبارەوە كراوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕیاردراوە رۆژی هەینی تەرمی عادل موراد لە ڕێگەی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیەوە بگاتەوە كوردستان و لەرێورەسمێكدا لە گردی سەلیم بەگ بەخاك بسپێردرێت.
رۆژی هەینی رابردوو عادل موراد ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی و سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی ئەو حزبە بەهۆی نەخۆشیەوە لە شاری كۆڵنی ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد.
ئا/ شادمان سەباح