رێگا نادرێت دەمیرتاش رۆژنامەی چاوپێکەوتنەکانی خۆی ببینێت

حکومەتی تورک ڕێگا نادات ئەو ڕۆژنامانە بگەنە دەستی دەمیرتاش کە هەواڵ و چاوپێکەوتنی ئەو بڵاودەکەنەوە.
 
میدیاکانی نزیک پارتی کرێکارانی کوردستان، بڵاویان کردەوە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ٢٠ ئایار ڕێگری کرا لەوەی ڕۆژنامەی بیرگون بدرێتە سەلاحەدین دەمیرتاش، لە زیندانی ئەدیرنە، بەهۆی ئەوەی کە چاوپێکەوتنی دەمیرتاشی بڵاوکردبووەوە.
 
پێشتریش ڕۆژنامەی جومهورییەت نەدرابووە دەمیرتاش بەهۆی ئەوەی چاوپێکەوتنی دایکی دەمیرتاشی بڵاوکردبووەوە.
 
سەلاحەدین دەمیرتاش، کاندیدی پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە بۆ سەرۆکایەتی کۆماری تورکیایە، کە وابڕیارە لە ڕۆژی ٢٤ حوزەیرانی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت، دەمیرتاش لە زیندانەوە کاروباری بانگەشە بۆ هەڵبژاردن بەڕێوەدەبات.



PM:10:24:20/05/2018