سپی بەرنامەی هێنانەوەی تەرمی عادل موراد ئاشکرا دەکات

بڕیارە رۆژی هەینی ٢٥ ئایار تەرمی عادل موراد سکرتێری ئەنجومەنی ناوەند لە وڵاتی ئەڵمانیاوە بگاتەوە سلێمانی.

بەهرۆز گەڵاڵی کادیری پێشکەوتووی یەکێتی بە سپی راگەیاند" شەوی ٢٤ ئایار لە وڵاتی ئەڵمانیاوە کاتژمێر ١٠:٣٠ ی شەو تەرمی کاک عادل موراد لە رێگای هێڵی ئاسمانی ئەلعراقیەوە دەگاتە فڕۆکەخانەی بەغداو ئەو شەوە تەرمەکە لەبەغدا دەمێنێتەوە".

ناوبراو کە هاوەڵی تەرمی عادل موراد دەکات لە وڵاتی ئەڵمانیەوە وتیشی" بەیانی هەینی ٢٥ ئایار لە کاتژمێر ٨ ی بەیانیدا لە فڕۆکەخانەی بەغداوە تەرمەکە دەهێنرێتەوە بۆ سلێمانی و کاژمێر ٩ دەگاتە فڕۆکەخانەی سلێمانی".

بەهرۆز گەڵاڵی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە لە وڵاتی ئەڵمانیاوە جگە لەخۆی ئاکۆ چەمچەماڵی هاوڕێییەتی هێنانەوەی تەرمەکە دەکەن و کەسوکاری عادل موراد و هاورێکانی لە سلێمانی پێشوازی لە تەرمەکە دەکەن.

بڕیارە دوای گەیشتنی تەرمەکە بە سلێمانی، لە گردی سەلیم بەگ بەخاک بسپێردرێت.
 
سپی زانییویەتی بەهۆی ئەو پەیوەندیە خراپە سیاسیەی لەنێوان عادل مورادو پارتیدا هەبووە، هاوڕێکانی حەزیان نەکردووە تەرمی ناوبراو لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە بهێننەوە بۆ کوردستان.

عادل موراد  یه‌كێكه‌ له‌ دامه‌زرێنه‌رانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و تیكۆشه‌ر و خه‌باتكارێكی دانه‌بڕاوی بزووتنەوەی رزگاریخوازی باشووری کوردستانە، لە ٢١ی ساڵی ١٩٧٩ دا لە یەکێتی جیابوەوەو بووبە ئەندامی سەرکردایەتی سۆسیالیست، لە ساڵی ١٩٨٣ کرا بەئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە، لەساڵی ١٩٩٤ لە یەکگرتنەوەدا گەڕایەوە ریزی یەکێتی و چەند ساڵێک ئەندامی مەکتەبی سیاسی و یەکێتی و بەرپرسی دەزگای راگەیاندنی ئەو حیزبە بوو، چەند ساڵێکیش لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵویزی عێراق بوو لە رۆمانیا، دواتر کرا بە سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی. ماوەی چەند ساڵێكە بەهۆی تووشبوونی بە نەخۆشی شێرپەنجەوە باری تەندروستی تێکچووەو ناوبەناو چارەسەری لە ولآتی ئەڵمانیا وەردەگرت، 



AM:11:49:21/05/2018