لە باکور و باشوری کورستان ٤٥ سەربازی تورکیا کوژران

هێزەکانی پاراستنی گەل(هەپەگە) و (یەژاستار)کوژرانی ٤٥ سەربازی سوپای تورکیایان لە باکور و باشوری کوردستان راگەیاند.

ئەمڕۆ سێشەممە ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل(هەپەگە)، بڵاوکردەوە رۆژی دووشەممە گەریلاکانمان لە هەنگاوی شۆڕشگێڕانەی شەهید ئاگری و شەهید پیرۆزدا لە دژی داگیرکارییەکانی سوپای تورکیا لە خاکی باشوری کوردستان، چەند چالاکییەکیان ئەنجامداوە.

هەپەگە لە بارەی ئەنجامی چالاکییەکانەوە ئاماژەی بەوەشدا. دوێنێ کاتژمێر ٠٦:٣٠ خولەکی سەرلەبەیانی گەریلاکانمان لەسەر گردی شکێری نزیک بە گردی خوەدێی دەڤەری بارزان چالاکییەکیان لە دژی سوپای تورکیا ئەنجامدا، لەو چالاکییەدا پێنج سەرباز کوژران، کاتژمێر ٠٣:٠٠ی پاشنیوەڕۆ لە گردی لێلکان گەریلاکانمان لە حەوت قۆڵەوە چالاکییەکی دیکەیان لە دژی سوپای تورکیا ئەنجامدا، لەو چالاکییەشدا ٢٣ سەرباز کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

 ئەوەشهاتووە، هەر دوێنێ کاتژمێر ٠٥:٠٠ی پاشنیوەڕۆ گەریلاکانمان لەسەر گردی ئەڤدلکۆفیی سەربەدەڤەری برادۆست چالاکییەکیان لە دژی سوپای تورکیا ئەنجامدا، لەو چالاکییەدا ١٥ سەربازی سوپای تورک کوژران، هەروەها گەریلاکانمان بەسەر پێگەکانی سوپای تورکدا چوون و جبەخانەکەیان لەناوبردن.

لەبارەی چالاکییەکانیان لە باکوری کوردستان هەپەگە ئەوەشی خستوەتەڕوو، دوێنێ کاتژمێر ١٠:٣٠ خولەک لە دەوروبەری چەلێی سەربە جولەمێرگ چالاکییەکی بەقەناس ئەنجامدرا، لەو چالاکییەدا سەربازێک دوژمن کوژرا، هەر دوێنێ کاتژمێر ١٢:٢٠ خولەکی نیوەڕۆ گەریلاکانی یەژاستار لە دەوروبەری سێرت چالاکییەکیان ئەنجامدا، لەو چالاکییەشدا سەربازێک کوژرا، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆش کاتژمێر ٠٨:٣٠ خولەک لەسەر گردی کۆردینەی سەربە چەلێ چالاکییەک ئەنجامدرا، بەڵام ژمارەی کوژرا و بریندارەکانی سوپای تورک لە ئەنجامی ئەو چالاکییەدا نەزانرا.

ڕۆژی  ٢٠ى ئایاریش، کاتژمێر ٧:٣٠ خوله‌کى به‌یانى، هێزه‌کانى گه‌ریلا له‌ چوارچێوه‌ى هه‌نگاوى سه‌رکه‌وتنى شۆڕشگێڕیى له‌ ناوچه‌ى گوربولاک له‌ سنورى بازیدی سه‌ربه‌ ئاگرى، چالاکیان دژى پاسێکى گه‌وره‌ى تیمه‌ تایبه‌ته‌کانى سوپاى تورک-جه‌ندرمه‌، ئه‌نجامدا، له‌و چالاکیه‌شدا ٤٥ ئه‌ندامى تیمى تایبه‌تى تورک-جه‌ندرمه‌ کوژراون، بەوەش لە ماوەی سێ ڕۆژدا ٨٨ سەربازی سوپای تورکیا کوژراون.

 


PM:03:21:22/05/2018