سبەی پەرلەمانی عێراق لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن کۆدەبێتەوە

دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا دوانیوەڕۆی سبەینێ پێنجشەممە، کۆبوونەوەی نا ئاسایی خۆی سازبکات.

فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا کە نێردراوە بۆ میدیاکان تیایدا هاتووە " سەرۆکایەتی پەرلەمان بڕیاریداوە کاتژمێر چواری دوانیوەڕۆی سبەی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامبدات".

شەممەی ڕابردووش پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاری ئەنجامدا، بەهۆی ئامادەنەبوونی ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران، سیفەتی فەرمی پێنەدراو زیاتر بە راوێژکار مایەوە، لەو کۆبوونەوە ڕاوێژکارییەدا، سەلیم جبوری سەرۆکی پەرلەمان بە پێویستی زانی تەواوی گومانەکان لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بڕەوێنرێنەوە و پارێزگاری لە خاوێنی هەڵبژاردن بکرێت.

ئەو کۆبوونەوەیە بە بڕیاری چەند لیستێک کە سکاڵایان هەیە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی دیاری نێو پەرلەمانی سازدەکرێت کە نەیانتوانی دەنگی پێویست لە هەڵبژاردنی ١٢ ئایاردا بەدەستبهێنن.



PM:02:08:23/05/2018