مەلا بەختیار: لەگەڵ پارتی گفتوگۆ دەکەین بۆ ئەوەی بە هاوبەشی بچینە بەغدا

دوای گەڕانەوەی شاندی یەکێتی لە بەغدا، مەلا بەختیار رایگەیاند، لەگەڵ پارتی لە کوردستان گفتوگۆ دەکەن بۆ ئەوەی بە پڕۆژە و شاندی هاوبەشەوە بچنە بەغدا و وتیشی "بە بەرپرسانی عێراقمان وتووە شکستتانهێناوە".

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتییی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، 12 کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان ئەنجامداوە و ویستوویانە بزانن شانۆی سیاسی لە بەغدا دوای هەڵبژاردن چۆنە و کورد دەبێ چیبکات.

مەلا بەختیار رایگەیاند، بەغدای نوێ بەغدایەکی دیکەیە، نابێ بە کێشەکانی رابردووەوە بچنە بەغدا و باسی ڤیتۆ بکرێت. داواش لە لایەنە ناڕازییەکان دەکات "ناکرێ لەبەر کێشەکانی کوردستان و پرۆسەی هەڵبژاردن نەچنە بەغدا، بۆیە دەبێ بچنە ئەوێ ئەوکات دەزانن لەوێ کێشەکان دوو هێندە و سێ هێندەن لە هەموو بوارەکاندا".

بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد، لە بەغدا یەکەم کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی پارتی بووە، ئێستاش پێویستە هەموو لایەنەکان بە شاند و پڕۆژەی هاوبەشەوە بچنە بەغدا.

وەک مەلا بەختیار دەڵێت شاندەکەی یەکێتی بە بەرپرسانی عێراقییان وتووە "شکستتانهێناوە، بەڵگەش بۆ ئەوە لە 30%ی خەڵکی بەغدا بەشداری هەڵبژاردنی کردووە، بەڵام لە کوردستان لانی کەم لە 50%ی خەڵک بەشداربووە".

مەلا بەختیار باسی حکومەتەکانی عێراقیشی کرد و گوتی "هەموو حکومەتەکانی عێراق بەندبژێربوون، ئەوەی خۆیان  پێیانباشبووە جێبەجێیانکردووە، ئەوەش نەیانویستووە نەیانکردووە، تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق پابەندنەبووە بە دەستوور".



PM:01:24:25/05/2018