دوایین زانیاری رووداوەکەی ئەمڕۆی چاکسازی گەورانی دهۆک ئاشکراکرا

پارێزگاری دهۆک رایگەیاند، بەهۆی ئەو کێشەیەی ئەمڕۆ لە چاکسازی گەورانی دهۆک، حەوت کەس گیانیان لە دەستداوە و ١٢ کەسی دیکەش  بریندرابوون.

ئەمڕۆ شەممە فەرهاد ئەتروشی، پارێزگاری دهۆک، لە کونگرەیەکی روژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو حەوت زیندانیانەی ئەمرۆ لە چاکسازی گەورانی دهۆک، گیانیان لە دەستداوە بە تۆمەتی تیرور زیندانیکرابوون.

لەبارەی هۆکاری روداوەکە ئاماژەی بەوەدا،  کەسێک بەناوی(سەدام جاسم حەمدان ) کە بەتاوانى تیرۆر دەستگیرکراوە و حوکمدراوە ویستویەتى هەڵبێت و لەوکاتەدا یەکێک لە پولیسەکان چووەتە ناو هوڵەکە، ئەو کەسە لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە هێرشیان کردوەتەسەر پولیسەکە و لێیان داوە.

 بە وتەی ئەتروشی، دوای روداوەکە بەڕێوەبەری چاکسازیەکە بەمەبەستی هێورکردنەوەی دوخەکە دەچێتە شوێنەکە، بەڵام ناوبراو لەگەڵ هاورێکانی کە هەموویان بە تومەتی تیرور لەو هوڵەدا بوون، دەرگای هۆڵەکە دەشکێنن و هەوڵ دەدەن بێنە دەرەوە، بەڵام لەکاتى ڕێگەگرتن لێى ئاگرى کردووەتەوەو بەوهۆیەوە دووکەڵێکى زۆر لە نێو زیندانەکە دورستبووەو بووەتە هۆى خنکانى حەوت کەس و برینداربوونى ١٢ زیندانى تر.

پارێزگاری دهۆک، راشیگەیاند، هیچ زیندانییەک لە زیندانەکە هەڵنەهاتووەو ئەو بەشەى زیندانەکەش، کە کێشەکەى تیادا رویداوە بەشى حوکمدراوە قورسەکانە وەک تیرۆر و کوشتن.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە لە زیندانی زرکا (چاکسازی گەوران)ی دهۆک گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو، بەوهۆیەوە ژمارەیەک زیندانى کوژران و برینداربوون، کە یەکێک لە بریندارەکان بەڕێوەبەری چاکسازی گەورانی دهۆک بووە.



PM:08:20:26/05/2018