رێباز حەملان: پەسەندكردنی پرۆژە یاسای چاكسازی دەبێتە هۆی دەستكاریی پاشەكەوتی‌ مووچە

رێباز حەملان وەزیری دارایی وئابووری لە دیمانەیەكدا لەگەڵ ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند ئەگەر پرۆژە یاسای‌ چاكسازی‌، كە ئێستا لە پەرلەمانی كوردستانە، وەك خۆی‌ جێبەجێ بكرێت، دەبێتە هۆی گەڕانەوەی‌ خەرجییەكی‌ زۆری‌ بەفیرۆچوو و دەستكاریكردن لە سیستەمی‌ پاشكەوتی‌ مووچە كە لە ‌بەرژەوەندی‌ مووچەخۆران دەبێت.

وەزیری دارایی وئابووری وتی، "ئێمە لە حكومەتی‌ هەرێم ئەم پڕۆژەیەمان‌ بە پێی‌ یاسای‌  ژمارە 9 ساڵی‌ 2014 بۆ پەرلەمان نارد بە جۆرێك كە ئەو كەسانەی‌ خزمەتی‌ وەزیفیان لە پانزە ساڵ كەمتر بێت و تەمەنیان لە پەنجا ساڵ كەمتر بێت خانەنیشن نەكرێن. ئەو ماددەیە دادپەروەرییەكی زۆر باشی‌ تێدابوو. ئێستاش داوا دەكەین ئەو پڕۆژە یاسایە پەسند و كاری‌ پێ بكرێت و ئەو كەسانەی‌ زیاد لە مووچەیەكیان هەیە كە بە پێێ یاسا رێك نەخراون، رێكخستنەوەیان بۆ بكرێت."

هەروەها وتی، "لە ناو پڕۆژە یاسای‌ چاكسازی‌ باس لە مووچە، دەرماڵە، بەخشین  وئمتیازاتەكانی‌ دیكە كراوە. هەر فەرمانبەرێك ئەژمارێكی‌ بانكی‌ بۆ دەكرێتەوە و ئەو ئیلتزاماتە ماددیەی‌ هەیە بۆی‌ دەخرێتە سەر ئەژمارە بانكییەكە كه دەكرێت بۆ زۆر بواری دیكەش بە كار بهێنرێت، بەتایبەتی پەیوەندی‌ نێوان حكومەت و مووچەخۆران".

لەبارەی بڕیاری راگرتنی پلە بەرزكردنەوەی‌ فەرمانبەران وچۆنییەتی گەڕاندنەوە و قەرەبووكردنەوەی فەرمانبەرانی كه بەر ئەو رێنماییە كەوتوون، رێباز حەملان گوتی "پاڵپشت بە بڕیاری‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران ژمارە 56 لە 21/12/2015، لەسەر بنەماكانی‌ ئەحكامی‌ بڕگە (1/أ) لە ماددەی‌ (19) لە یاسایی‌ راژەی‌ شارستانی‌ ژمارە (24) ساڵی‌ 1960 هەمواركراو بڕیار دراوە كە هیچ پلە بەرزكردنەوەیەك بۆ فەرمانبەرانی‌ پلە وەزیفییە گشتیەكان لە هەرێم تا پەسندكردنی‌ بودجەی‌ حكومەتی‌ هەرێم ئەنجام نەدرێت. لە هەر كاتێك كە حكومەتی‌ هەرێم بودجەی‌ پەسندكراوی‌ لەلایەن پەرلەمانەوە هەبوو، پلە بەرزكردنەوە ئاسایی‌ دەبێتەوە ولەبارەی قەرەبوكردنەوەكەشی‌ ئەوكات لە چوارچێوەی‌ یاسای كارپێكراوەكان بڕیاری‌ لەسەردەدرێت".

رێكەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدرالی

دەربارەی رێكەوتنی ئێستای حكومەتی‌ هەرێم و بەغدا سەبارەت بە ناردنی مانگانە بڕێك پارە بۆ هەرێم بۆ مووچەخۆران، وەزیری دارایی و ئابووری گوتی، "ئەم رێكەوتنە دەرئەنجامی دەوری‌ گرنگی‌ سەرۆكی‌ حكومەتی‌ هەرێم وسەرۆك وەزیرانی‌ عێراق بوو ولە بەرژەوەندی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان دایە".

وەزیری دارایی به ئاماژەپێدان بەوەی كە بەشێكی زۆری مووچە بۆ كەرتی ئەمنی وسەربازی دەچێت گوتی لە سەدا 70ی بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەر دوو كەرتی مەدەنی و سەربازییە. لێبرینەكان (پاشەكەوت) لە هەردوو كەرت به شێوەیەكی جیاوازن.

وەزیری دارایی وئابووری وتی، پاش ئەوەی مووچەی‌ كەسوكاری‌ شەهیدان، ئەنفالكراوان وزیندانیانی‌ سیاسی‌ دەخرێتە سەر بودجەی‌ سیادی‌ عێراق، نزیكەی 38 ملیار دینار بۆ خەزێنەی گشتی حكومەتی هەرێم دەگەرێتەوه.

داهاتی ناوخۆ و نەوت و دابەشكردنی

له بارەی داهاتی ناوخۆ و نەوت، رێباز حەملان ووتی داهاتی‌ ناوخۆ مانگانه 110 بۆ 130 ملیار دینارە‌، كە كردنەوەی گەشته نێودەوڵەتییەكانی فڕۆكەخانەكانی هەرێم  ودەروازە سنوورییەكانی داخراو كاریگەری‌ زۆری‌ لە سەر بەرزبوونەوەی داهاتی ناوخۆیی هەیە.

وتیشی داهاتی نەوت مانگانه گۆرانكاری بەسەردا دێت وهەرێمی كوردستان رۆژانه 300 بۆ 320 هەزار بەرمیلی نەوت هەناردە دەكات ومانگانه 378 ملیار دینار دێتە وەزارتی داراییەوە.

هەروەها دەربارەی سندووقی داهاتی نەوت، وەزیری دارایی گوتی كە له ‌پەرلەمانی كوردستان یاسای‌ تایبەتی‌ بۆ دەرچووە و ماوەتەوە حكومەتی‌ هەرێم پەیڕەوێكی‌ بۆ دابنێت، بەڵام تا ئێستا نەچۆتە بواری‌ جێبەجێكردنەوە.

وەزیری دارایی سەبارەت بە چۆنییەتی دابەشكردنی داهات بۆ بوارە جیاوازەكانی مووچه، وەبەرهێنان، خەرجی‌  دامودەزگاكانی‌ حكومەت  وقەرزەكانی، گوتی لە سەدا 35ی داهاتی نەوت بۆ پێشینەكانی شایستە داراییەكانی كۆمپانیایی نەوت، پێشینەی قەرزی تاریفەی خەرجی و گواستنەوە وهەناردەكردنی نەوت لە توركیا و پێشینەی گەڕانەوەی پارەی كاشی قەرزی توركیایە و لە سەدا 65 بۆ مووچەی فەرمانبەران تەرخان دەكرێت.

لە كۆی گشتی داهاتی ناوخۆ ونەوت دوای دەرچوونی خەرجییەكان ولەگەڵ ئەو بڕە پارەیەی مانگانە لە حكومەتی فیدرالی بۆ هەرێم‌ دێت، نزیكەی لە سەدا 83 بۆ پێدانی مووچە تەرخان دەكرێت.

لە سەدا پێنج بۆ خەرجی پێشینەكانی دامودەزگاكان ولە سەدا هەشت بۆ خەرجی كەلوپەلی خزمەتگوزاری (دەرمان و پزیشكی، كرێی كارەبا، خواردن، چاككردنەوە، شاندن، چاپكردن، خەرجی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت و خاوێنكردنەوە) و لە سەدا چواریش بۆ بواری وەبەرهێنان تەرخان دەكرێت.

شەفافییەت لە داهات

وەزیری دارایی وئابووری ئاماژەی بەوەدا كە داهاتی حكومەت له دوو جەمسەرەوە‌ وردبینی بۆ دەكرێت، "یەكێكیان لەسەر ئاستی‌ نەوته كه كۆمپانیای‌ دیلۆیت پێداچوونەوەو ورودبینی‌ بە سەرجەم كەرتی نەوت دەكات لە هێنانەوە وسەرفكردنی‌ پارەكه. بۆ داهات وخەرجییەكانی ساڵی‌ 2017 زۆربەی‌ كارەكانی تەواو بووە و وردبینی‌ لە داهات  و خەرجییەكانی ساڵی‌ 2018 وساڵانی‌ رابردووش دەكات. جەمسەری‌ دووەمیش لە وەزارەتی‌ دارایی‌ وئابوورییه.‌ كۆمپانیای‌ ئینڤێنتس پێداچوونەوە بە خەرجی‌ وداهاته نانەوتییەكانی حكومەت دەكات‌. وردبینی‌ لەوەش دەكات كه چۆن داهات زیاتر بكرێت بە مەرجێك كە كاریگەری‌ بەسەر خەڵكی‌ هەژار وچینی‌ خوارەوه نەبێت‌، بەڵكو لەسەر ئاستی‌ كۆمپانیا گەورەكانەوە دەبێت، هەروەها كۆمپانیاكە سیستەمێكی‌ داتا بەیس دروست دەكات و سەرجەم داهات وخەرجییەكان تێدا روون دەكرێتەوە".

وتیشی، گومرگەكان "بە ئەلیكترۆنی‌ دەكرێن و ئێستا  كار لەسەر كەمكردنەوەی خەرجییەكان دەكەین  وهەر خەرجییەك ئەگەر زۆر پێویست نەبێت ناهێڵین و بۆ نەهێشتنی هەر جۆرە فیرودانێك لە وەزارەتی دارایی هەریەك لە دەستەی‌ دەستپاكی‌ ودیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ لەگەڵمانن وتا ئێستا بە پشتیوانی‌ سەرۆكایەتی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران پارەیەكی زۆریشمان گەڕاندووەتەوه".

باج

لە بارەی سەپاندنی‌ باج بە ‌سەر داهاتی‌ تاكە كەس وكۆمپانیاكان، ئاماژەی بەوە دا كە لە هەرێمی كوردستان باج لەسەر داهاتی تاكەكەس وكۆمپانیاكان بە پێی یاسای ژمارە ٢٠ی ساڵی ٢٠١١ هەمواركراوی پەرلەمانی كوردستان دیاری كراوە، بە جۆرێك هەر كارمەندێك لە كەرتی حكومی یان تایبەت كاربكات ومووچەكەی لە ملیۆنێك دینار زیاتر بێت پێویستە بە رێژەی له سەدا پێنج‌ باج بدات، بەڵام تا  ئێستا كاری‌ پێنەكراوە و رێژەكەی‌ لە حكومەتی هەرێم لە بەراورد لەگەڵ بەغدا زۆر كەمتره، بە جۆرێك لە حكومەتی‌ فیدراڵ ئەگەر مووچەخۆرێك مووچەكەی‌ لە 210 هەزار دینار بەسەرەوە بێت، ئەوا لە سەدا پێنج باج دەخرێتە سەر مووچەكەی.

هەروەها سەبارەت بە باجی كۆمپانیاكانیش، گوتی لە سەدا 15 قازانجی كۆمپانیاكان باجی دەخرێته سەر كه به پێی یاسای ١١٣ ساڵی ١٩٨٢ هاوشێوەی بەغدا جێبەجێ دەكرێت.

بانك

سەبارت به چاكسازی دارایی وبانكی وئاستەنگ ودەستكەوتەكانی گوتی، 88 بانكی گشتی لە هەرێمی كوردستان هەن و بۆ كەمكردنەوەی ژمارەكەیان، پێشخستن و ئەنجامدانی مامەڵەی ناوخۆیی ودەرەكی لەگەڵ بەغدا رێكەوتووین.

وەزیری دارایی لەبارەی لاوازی سیستەمی بانكی لە هەرێمی كوردستان وهەوڵەكانی بۆ گێڕانی رۆڵی خۆی لە مامەڵە داراییەكان ونەهێشتنی‌ پارەی‌ كاش لە بازاڕ وگەڕانەوەی‌ پارە بۆ بانك  ئاماژەی بەوە دا لە وڵاتانی پێشكەوتوودا لە سەدا 80  مامەڵە بە سیستەمی‌ بانكییە، بەڵام بەداخەوە لە عێراق وهەرێمی‌ كوردستان لە سەدا 100 بە پارەی‌ كاش مامەڵە دەكرێت وبە هۆیەوە بە بەردەوامی كێشەی نەبوونی نەختینه وخۆ دزینەوە لە باج دروست دەبێت. لە كاتێكدا ئەگەر بە كارت بێت ئەوا حكومەت دەزانێت داهاتی‌ فرۆشیارەكان چەندە و دەتوانێت سیستمی‌ باج رێك بخات وكۆنتڕۆڵی باجی‌ كۆمپانیاكان بكرێت. ئێستا هەموو هەوڵێكمان بۆ رێكخستنی ئەم بوارەیە‌ لە رێگەی‌ سیستەمی‌ كارتەوە بێت.

بایۆمەتری

رێباز حەملان رۆڵی بایۆمەتری بۆ پێدانی‌ مووچە بە كارتی‌ ئەلكترۆنی‌ وبەڕێوەبردنی‌ كەرتی‌ دارایی‌ وبانكی‌ گرنگ دەنرخێنێت كه بە هۆیەوە "بەشێكی‌ زۆری لەو كەموكوڕییە شاراوانەی‌ هەبوون‌ ئاشكرا كراون. بۆنمونە دوو مووچەیی‌ ویا ناوی‌ وەهمی‌ ئاشكرا كراوە، حكومەتی‌ هەرێم به ‌بوونی سیستەمی بایۆمەترییەوە، زانیاری‌ ورد لەسەر مووچەخۆر وخانەنشینان هەیە، بایۆمەتری‌ سیستەمێكی‌ پێشكەوتوە وكاری‌ پێدەكرێت".

پێشینە

لە بارەی گەڕاندنەوەی پێشینە بۆ كاری‌ بەرهەمهێنان، هاوسەرگیری‌ وخانوبەرە، وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەدا كه لە ساڵانی‌ رابردوو 13 بۆ 14 ملیار دۆلار لە بەغداوە بۆ هەرێم هاتووە. كاتێك بودجە زۆر بووە وبەشی‌ مووچە وخەرجی‌  وپڕۆژەكان‌ كردووە ودراوە بەو پێشینانەش.‌ هەر كاتێك بودجەی‌ هەرێم وەك خۆی‌ لێهاتەوە، ئەو پێشینانەش دەدرێنەوە.

سندووقی خانەنشینی

هەروەها وتی، "سندوقی‌ خانەنیشنی‌ لە پڕۆژە یاسای‌ چاكسازی‌ بە وردی‌ باسكراوە وپێویسته لە سەدا 100 جێبەجێ بكرێت. جیاوازی‌ ئێمە وبەغدا لە نەبوونی‌ ئەو سندووقەیە، لە  بەغدا هەیە ولە هەرێم نییە. ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی كە بەغدا بە بەردەوامی دەڵێت ژمارەی‌ مووچەخۆرانی‌ هەرێم زیاترە، چونكە ئەگەر سندوقی‌ خانەنیشی‌ هەبێت، پێویست ناكات پارەی‌ دیكە بۆ خانەنشینان تەرخان بكرێت، چونكە لە پارەی‌ سندوقەكە دەدرێت".

دەروازە سنوورییەكان

سەبارەت بە دەروازە سنوورییەكان، وەزیری دارایی وئابووری وتی، "رێككەوتن كراوە كە میلاكات ‌سەر بە بەغدا بن بە هەمان كارمەندەكانی ئێستاوە. هەروەها لەسەر پێكهێنانی لێژنەیەكی باڵا بۆ یەكخستنی گومرگ لە دەروازە سنورییەكان و فروكەخانەكان، پێناسە و رێنمایی گومرگی، لابردنی خالەكانی گومرگی نێوان هەرێم و بەغدا، هەماهەنگی و هاوكاری كردنی یەكتر رێككەوتن كراوه و دوای‌ هەڵبژاردن دەكەونە بواری جێبەجێكردن".



PM:12:18:28/05/2018