لیژنەی وزە لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە

لیژنەی وزە لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە سەبارەت بەھاوردەکردنی سوتەمەنی و نرخی بەنزین لەپارێزگای سلێمانی، جێگری سەرۆکی لیژنەکەش دەڵێت "چەندینجار داوای کۆبونەوەمان لەپارێزگار کردوە، بەڵام ئامادەنەبوە".

لەڕاگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ "سپی میدیا" نێردراوە، ڕێکەوت زەکی جێگری لیژنەی وزە لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشکرایکردوە، لیژنەی وزە لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەڕۆژی دەستبەکاربونی پارێزگاری نوێی سلێمانیەوە واتە زیاتر لەشەش مانگە داوای کۆبونەوەی نێوان لیژنەکەو پارێزگار کراوە.

ئەوەشی ڕونکردۆتەوە، داواکاریەکەمان بەمەبەستی ڕێکخستنەوەی مۆڵەتەکانی ھاوردەی سوتەمەنی بوە بەھەموو جۆرەکانیەوە، "بەڵام جێگەی سەرسوڕمانە تائێستا پارێزگار ئامادەنەبوە لەگەڵ لیژنەکەمان کۆببێتەوە!!، ھەرچەندە زیاد لەجارێک سەرۆکی لیژنەی وزەو بەندە وەک جێگر پارێزگارمان ئـاگادارکردەوەو دواجاریش کاک (غالب) وەک سەرۆکی لیژنە مانگی سێی ئەمساڵ سەردانی کردو بەڵێنیدا لەماوەی ھەفتەیەکدا کۆببینەوە".

ئەوەشی ڕونکردۆتەوە، "لیژنەکەمان بەھۆی ھەماھەنگینەکردنی پارێزگارەوە تائێستا ئـاگاداری مۆڵەتەکانی ھاوردەکردنی بەنزین و نەوت و گازوایل و مۆڵەتەکانی دروستکردنی بەنزینخانەو کارگەی غازو دروستکردنی کۆگای سوتەمەنی نییە، بەندە پێموایە ئەم دەرگا داخستنە بەڕوی دەزگایەکی چاودێری وەک لیژنەی وزەی ئـەنجومەن، خزمەت بەنەزیھی و بێلایەنی کارەکان ناکات و گومانی گەورە دروستدەکات".

جێگری لیژنەی وزە لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی باسی لەوەشکردوە، "بەندە کێشەی سەردان و کۆبونەوەم لەگەڵ پارێزگار نەبوە، بەڵکو باسی لیژنەی وزە دەکەین کە ئێمە جێگرین تیایدا، ھەروەھا لیژنەکەمان ئـاگاداری بنەمای مۆڵەتپێدانی کۆمپانیاکان بۆ ھێنانی سوتەمەنی نییەو پێمانوایە یەکێک لەفاکتەرەکانی کۆنترۆڵنەکردنی نرخی سوتەمەنیش نەبونی ھەماھەنگی و ئـاگادارنەبونە لەوردەکاری کاری کۆمپانیاکان".



PM:06:57:29/05/2018