ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بڕیارێک بۆ بازاڕی عەسری دەردەکات

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بڕیاردا رێوشوێنی یاسایی لەبەرامبەر هەموو ئەو کەسانەدا بگرێتە بەر، کە مامەڵەی بە کرێدانەوە یاخود کڕین و فرۆشتن بە دوکانەکانی بازاڕی عەسری شاری سلێمانییەوە دەکەن، بەو پێیەی موڵکی پاریزگاکەیە.

لە نوسراویكدا کە وێنەیەکی بۆ "سپی" نێردراوە، تیایدا رێکەوت زەکی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی یاداشتێک ئاڕاستەی سەرۆکی ئەنجومەنەکەی دەکات و دەڵێت، " زانیاریمان پێگەیشتووە، کە بەم دواییە بەشێک لە دوکانەکانی بازاڕی عەسڕی ناوساری سلێمانی کە موڵکی پاریزگای سلێمانییە و ساڵانە دەدەرێتەوە بە کرێ، بە نرخی خەیاڵی کڕین و فرۆشتنو  بەکرێدانەوەی پێوەدەکەن".

دەشلێت،"کڕینو فرۆشتنەکە هەندێک جار دەکاتە ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ هەزار دۆلار، کە ئەمەش تەواو نایاساییەو بە گوێرەی بەندی ٩ی گرێبەستی نێوان پارێزگای سلێمانی و بەکرێگر، نابێت هیچ مامەڵەیەکی بەکرێدانەوەشی پێبکرێت، بۆیە داوادەکەم بە نوسراو پارێزگاری سلێمانی ڕابسپێرن و رێوشوێنی ئیداری و یاسایی پێویست بگیرێتە بەر بۆ ئەم بابەتە".

لایخۆشییەوە، ئازاد حەمە ئەمین، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بە نوسراوێکی فەرمی وەڵامی داواکەی رێکەوت زەکی دەداتەوەو، داوا دەکات کە لەبەرامبەر ئەو کارەدا رێوشوێنی یاسایی و ئیداری بگیرێتە بەر".



PM:02:25:02/06/2018