كاندیدی جەهەپە: ئەردۆغان خەڵەتاوە

كاندیدی پارتی جەهەپەی توركیا لە كاتی بانگەشەكانی هەڵبژاردندا ڕایگەیاند دەنگ بە كەسێك مەدەن كە دەیانجار فریوی خواردووە، ئۆباما و ئۆجەلان و بارزانی كڵاویان كردە سەری و پۆتین و گیولەنیش خەڵەتاندیان.

موحەرەم ئینجە، كاندیدی پارتی جەهەپە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری توركیا لە گردبوونەوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی خۆی وتی "ئەردۆغان جارێكی دیكە هێرشی كردووەتە سەر من و وتوویەتی نابێت دەوڵەت بە كەسێك بسپێردرێت كە ژێر دەستی كەسێكی دیكە".

موحەرەم ئینجە وتیشی "منیش لێرەوە دەڵێم بە كەسێك كە دەیان جار فریوی خواردووە بڕوا مەكەن. ئۆباما كڵاوی كردە سەرت، پوتین هەڵیخەڵەتاندنی، بارزانی و ئۆجالانیش كڵاویان كردە سەرت، هەروەها گیولەنیش تۆی خەڵەتاندووە. ئیتر دەتەوێت چی بكەیت".

ئەو كاندیدە وتووشیەتی "ئەگەر سەرۆك كۆماری توركیا بم یەكەم هەنگاوم لابردنی دۆخی نائاسایی وڵاتە. ئێمە بڕوامان بە ۸۱ ملیۆن دانیشتووی توركیا هەیە. دروست ردنی پردێك لە ئاسن و چیمەنتۆ كارێكی ئاسانە. من دەچمە ناو دڵی خەڵك".

موحەرەم ئینجە ڕاشیگەیاندووە، "من مرۆڤەكان بە كورد و تورك جیا ناكەمەوە و باسی عەلەوی بوون و سوننە بوون ناكەم، ژن و پیاو لە یەكتر جیا ناكەمەوە".

بڕیارە ٢٤ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی گشتی توركیا بەڕێوەبچێت و چەند بەربرژێرێك ڕكابەری ئەردۆغان دەكەن.



AM:11:41:03/06/2018