وەزارەتی دارایی چەند رێنوماییەک دەردەکات

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی گۆرینی بڕوانامەكانیانەوە بڕیارێك بۆ ئەو فەرمانبەرانە دەردەكات، كە بڕوانامەی بەرزتریان بەدەست ھێناوە، یان درێژە بە خوێندن دەدەن.

بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان كە کۆپیەکی دەست سپی كەوتوە، تیایدا هاتووە "ئەو فەرمانبەرانەی مۆڵەتی خوێندنیان وەرگرتووە و بڕوانامەیان بەدەست ھێناوە، دەكرێت ھەمواركردنی بڕوانامەكانیان بۆ بكرێت وئەو فەرمانبەرانەشی لە ئێواران درێژەیان بە خوێندن داوە، یان لەڕێگەی تاقیكردنەوەی دەرەكی درێژەیان بە خوێندن داوە، بڕوانامەكانیان بۆ ھەموار دەكرێت".

لەنوسراوەكەدا ئەوەش هاتووە" ئەو فەرمانبەرانەی بێ مۆڵەتی خوێندن بڕوانامەیان بەدەست ھێناوە، نابێت لە كاتی دەوامی فەرمانبەرێتییان بێت وبەپێی ڕێنماییەكان نابێت هەردوو دەوامی فەرمانبەری و خوێندن لە یەك كاتدا بێت، ئەگەر لە یەك كاتدا بێت، بڕوانامەكەیان بۆ ھەموار ناكرێت".
لە كۆتایی نوسراوەكەشدا ئاماژە بەوە كراوە" ئەو فەرمانبەرانەی مۆڵەتی خوێندنیان پێ دراوە، یان لە ئێواران درێژە بە خوێندن دەدەن، دەبێت لە كاتی ھەمواركردنەوەی بڕوانامەكانیان ڕەچاوی ئەوە بكرێت لە بواری پسپۆڕیی خۆیان كار بكەن، دەبێت ڕەچاوی ئەوەش بكرێت، كە چۆن پلەیان بەپێی ڕێنمایی بەرز دەكرێتەوە."



PM:11:03:07/06/2018