پۆلیسی سلێمانی پلانی ئەمنی رۆژانی جەژن ڕادەگەیەنێت

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند لەماوەی رۆژانی جەژندا بۆ پاراستنی سەرو ماڵی هاوڵاتیان، سەرجەم هێزەكانیان دەخەنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی پۆلسی سلێمانی کە وێنەیەکی بۆ "سپی" نێردراوە، ئەوە خراوەتەڕوو، کە بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەپلانێكی ئەمنیدا سەرجەم ڕێكارەكان دەگرێتە بەر بۆ پاراستنی سەرو ماڵی هاوڵاتیان و سەرجەم هێزەكانیشی دەخاتە حاڵەتی ئامادەباشیی زیاترەوە، داوا لەهاوڵاتیانیش دەكات لەكاتی بونی هەر ڕوداوێكی نەخوازراودا پەیوەندی بەهێڵە گەرمەكانی پۆلیسەوە بكەن.

ئەوەشهاتووە، کە هێزەكانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەسەرجەم كۆڵان و شوێنە گشتییەكان بونیان دەبێت بۆ پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان و بەهاناوەچونیان لەبونی هەر حاڵەتێكی نەخوازراو.

پۆلیسی سلێمانی جەخت لەپاراستنی شوێنە گشتی و گەشتیارییەكان دەكاتەوە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بتوانن بەبێ كێشە سەردانیانەكانیان بكەن و مەفرەزەی تایبەتیش لەناو بازاڕەكان بونیان دەبێت.

 لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا پۆلیسی سلێمانی، داوا لەسەرجەم هێزەكانی دەكات كە هەوڵی زیاتر بدەن بۆ بنەبڕكردنی دیاردەی تەقەمەنی و دەمانچەی مورو یارییە رێگەپێنەدراوەكان كە دەبێتە هۆی بێزاری هاوڵاتیان.

 هەروەها ئاماژە بەوەسدەکات سەرجەم هێزەكانی پۆلیس هەماهەنگ و هاوكار دەبن لەگەڵ سەرجەم هێزەكانی ئاسایش ، پۆلیسی هاتوچۆ و بەرگری شارستانی و سەرجەم دامودەزگا پەیوەندیدارەكان كە لەئەركدان بۆ رۆژانی جەژن.

 لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا پۆلیسی پارێزگای سلێمانی داواش لە هاوڵاتیان دەكات، لە بوونی هەر حاڵەتێكی نەخوازراو دەستبەجێ پەیوەندی بكەن بەهێلی گەرمی (104) بەشی پۆلیسی فریاكەوتن و (105) بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان.


PM:11:25:13/06/2018