سەفین دزەیی: هۆشداریمان داوە بە حزبەکانی ڕۆژهەڵات

سەفین دزەیی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕێگە بە ئەنجامدانی بڕیاری دوژمنکارانە دژ بە ئێران لە خاکی هەرێمەوە نادەن و دەڵێت "هۆشداریمان داوە بە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان".

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران، سەفین دزەیی ستایشی هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کردووە بۆ هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا و ڕاشیگەیاندووە، هەرێم گرنگییەکی زۆر بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ گەل و دەوڵەتی ئێران دەدات.

سەبارەت بە چالاکییەکانی ئەمدواییەی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناو خاکی ئێراندا، وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە، "بە مەبەستی تاوتوێکردنی ئەو بابەتە کۆمسیۆنێکی هاوبەش لە نێوان  هەولێر و تاراندا پێکهاتووە و هۆشداریشمان داوە بەو حزبانە تاوەکو مافی ئەوە نەدەن بەخۆیان کە بۆ دژایەتی کردنی ئێران و تورکیا کەڵک لە خاکی هەرێم وەربگرن و بڕیاری هاوشێوەی دووبارە نەکەنەوە".

ئەوەش لە کاتێکدایە ٨ی ئەم مانگە لە ناوچەی سیاکێوی سەر بە شاری شنۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شەڕ و پێکدادانێک لە نێوان پێشمەرگەکانی حزبی دیموکراتی کوردستان ئێران و سوپای پاسداران ڕوویدا و بە گوێرەی راگەیەندراوێکی فەرماندەیی ناوەندی هێزی پێشمەرگەی حدکا لەو شەڕەدا، نۆ ئەندامی سوپای پاسداران کوژراون و ١٨ی دیکەش بریندار بوون.

دواتر کونسوڵگەری ئێران لە هەولێر ڕایگەیاند، یاداشتێکی ناڕەزایی وڵاتەکەی  سەبارەت بەو پرسە گەیاندووەتە لێپرسراوانی هەرێم و جەختیشانکردووەتەوە لە مافی هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ بەرگری کردنی لە سەرچاوەی ئەو هەڕەشانە و لایەنی عێراقیشیان لەو بابەتە ئاگادار کردووەتەوە.



AM:10:07:17/06/2018