وادەی دابەشکردنی موچەی مانگی نیسان ئاشکرا دەکرێت

سەرچاوەیەک لە ناو وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند،  سەرەتای مانگی داهاتوو مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێم دابەش دەکرێت، یەکەم شوێنینش کە موچەکانیان وەردەگرن وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت.

ماڵپەڕی باسنیوز، نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان لە زاری سەرچاوەیەک لە نێو وەزارەتی دارایی بڵاویکردەوە، لە سەرەتای مانگی داهاتوو مووچەی مانگی نیسان دەست پێ دەکات و، وەزارەتی دارایی لە خشتەیەکدا ناوی ئەو وەزارەتانە ڕادەگەیەنێت کە مووچەیان پێ دەدرێت.

ئەوەشێ خستوەتەڕوو، کە وەزارەتەکە گفتوگۆ لەبارەی  پێشخستنی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و وەزارەتی پێشمەرگە دەکات بۆ ئەوەی بکرێتە یەکەمین وەزارەت لە پێدانی مووچە.

بە وتەی سەرچاوەکە، ئەگەر لە هەفتەی داهاتوودا لیستی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە بە مەبەستی وردبینیکردن ڕەوانەی وەزارەتی دارایی بکرێت، ئەوا بڕیاری دابەشکردنی مووچەی ئەو وەزارەتە لە یەکەمینی ڕیزبەندییەکەدا جێگیر دەکرێت.

پێشتر وەزارەتی دارایی ڕایگەیاندبوو کە بڕیاری زیاتر لە ٣٧٠ ملیار دینار لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە بۆ دابین دەکرێت، لەگەڵ ٣١٧ ملیار دیناری حکوومەتی عێراق و ٢٥ ملیۆن دۆلاری ئەمریکییەکان، بە شێوەیەکی مانگانە مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی پێ دابەش دەکەن.




PM:12:25:19/06/2018