پارتی هەڵوێستی خۆی لە بارەی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی راگەیاند

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پیشوازی لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دەکات و دەڵێت، "نەترساوین لە هەژماردکردنەوەی دەنگەکان.

عەرەفات کەرەم، بە میدیاکانی پارتی راگەیاند "بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە دەنگدانی تایبەت جێگەی دڵخۆشییە".

وتیشی، ئێمە لەسەرەتاوە رامانگەیاندووە، کە نەترساوین لە هەژماردکردنەوەی دەنگەکان یان دووبارەکردنەوەی دەنگدان، بەڵام ئێمە لەدژی هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت بووین، بەتایبەتی دژی هەژمارنەکردنی دەنگی پێشمەرگە .

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، ئەو بڕیارەی دادگا بۆ ئەرێکردنی دەنگی پێشمەرگە و هەڵنەوەشاندنەوەی جێگەی دڵخۆشییە و پێشوازی لێ دەکەین.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ـی حوزەیران، دادگای فیدراڵی عێراق لە دانیشتنی خۆیدا رایگەیاند، دانیشتنەکەی 6ی حوزەیرانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پشتی بە پەیڕەوی ناوخۆ بەستووە بۆیە بڕیاری ژماردنی دەستی بۆ دەنگەكان دەستورییە، هاوکات داواکاری هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی دەرەوە و ئاوارەکان و هەرێمی کوردستانیشی ڕەتکردەوە.


PM:02:44:21/06/2018