پرسووس، کاندیدێکی ئاکەپە ئەندامێکی هەدەپەی بە چەقۆ بریندارکرد

کاندیدی ئاکەپە و پاسەوانەکانی لە شارۆچکەی پرسووسی ڕوحا، هێرشیانکردە سەر بنکەکانی دەنگدان و ئەندامانی هەدەپە و ئەندامێکی هەدەپەیان بە چوقۆ بریندارکرد.

ئیبراهیم خەلیل یڵدز، کاندیدی ئاکەپە بۆ پەرلەمانی تورکیا لە بازنەی پارێزگای ڕوحا لەگەڵ پاسەوانەکانی، لە شارۆچکەی پرسووس-ی سەر بە ڕوحا هێرشیانکردە سەر ئەندامانی هەدەپە و بنکەکانی دەنگدان.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی مەزۆپۆتامیا، یڵدز و چەکدارەکانی هەڵیانکووتاوەتە سەر چەند بنکەیەکی دەنگدان لە پرسووس و دەستییان بە سەر ژمارەیەکی زۆر لە پسووڵەکانی دەنگدان دا گرتووە.

ڕاگەیەندراوە، کە یڵدز و ٢٠٠ لە چەکدارەکانی، هەموو دەنگدەرانیان لەو بنکانە دەرکردووە و بەکۆمەڵ دەنگیان داوە.

چاودێرانی هەدەپەش ڕایانگەیاندووە، کە لەلایەن چەکدارەکانی یڵدزەوە هەڕەشەیان کراوەتە سەر، هەروەها دەنگی ژمارەیەک لە هاوڵاتیانیشیان بە زۆرەملی بەکارهێناوە.

هەروەها لە بنکەیەکی دەنگدان بەچەقۆ هێرشیان کردووەتە سەر ئەندامێکی هەدەپە و سەختی برینداریان کردووە.


PM:03:19:24/06/2018