هاوپەیمانێتی یەکگرتوو و بزووتنەوە راگەیەندرا

بزووتنەوەی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی هاوپەیمانێتیەکیان بەناوی "بەرەو ئیسلاح" بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پێكهێنا.

لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا هەریەكە لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان رایانگەیاندووە ئاشکرای دەکەن "ئەمڕۆ دووشەممە 25/6/2018 لە كۆبونەوەیەكی هاوبەشدا هەردوولا ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی بۆهەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان بەلیستێكی هاوبەش لەژێر ناوی (بەرەو ئیصلاح) بەشداری دەكەن و هەر ئەمڕۆش هاوپەیمانیەتەكە لەكۆمسێۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی كوردستان تۆماركرد".

هەروەها لە بەیانەکەدا هاتووە" هیوادارین هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان بەپاك و بێگەردی دوور لە گزیكاری و توندوتیژی بەرێوە بچێت و وێستگەیەك بێت بۆ ڕاستكردنەوەی رێرەوی پڕۆسەی سیاسی هەرێم و چەسپاندنی دادپەروەری و ئاشتی و سەقامگیری سیاسی و نەهێشتنی ستەم و گەندەڵی لە هەرێمی كوردستاندا و سەرەنجام دەربازكردنی هەرێم لەم قەیران و تەنگژانەی كەپێوەی گرفتارە" .
ئەمە دووەم هاوپەیمانێتییە بۆ پەرلەمانی کوردستان رادەگەیەنرێت، بەڵام هاوپەیمانی گۆڕان و هاوپەیمانی بەرهەم ساڵح و کۆمەڵی ئیسلامی شکستی هێنا.

ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ دوا وادەی دروستکردنی هاوپەیمانێتیە کە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی دایناوە بۆ حیزب و قەوارە سیاسییەکان.



PM:12:27:25/06/2018