وادەی تۆماركردنی هاوپەیمانێتی درێژكرایەوە

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم وادەی تۆماركردنی هاوپەیمانێتی لە هەڵبژاردنەكانی هەرێم درێژكردەوە و تا چوارشەممە لایەنەكان دەتوانن هاوپەیمانیەتی ئەنجام بدەن.

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم  لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە، ئاگاداری سەرجەم لایەنە سیاسیەكان دەكەینەوە كەوا وادەی تۆماركردنی هاوپەیمانێتی درێژكراوەتەوە بۆ ڕۆژی چوارشەممە بەرواری ٢٧ی حوزەیران.

ئەمەش لە كاتێكدایە هەر ئەمڕۆ  یەكگرتوو لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامی هاوپەیمانییەكی بە ناوی لیستی ئیسلامخوازان بۆ هەڵبژاردنەكان پێكهێنا و پێشتریش یەكێتی نەتەوەی كوردستان و  پارتی كرێكاران و ڕەنجدەرانی كوردستان و حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان هاوپەیمانێتییەكیان پێكهێناوە.

 بڕیارە لە ٣٠ی ئەیلولی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام لە ئێستادا باس لە هەوڵێك دەكرێت بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكە.




PM:01:33:25/06/2018