ئێران بە توندی هۆشداری دەداتە سعودییە

 راوێژكاریی سەربازیی عەلی خامنەیی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، ئێران بە بۆردومانكردنی كۆشكەكانی شاهانە، وەڵامی هەر هێرشێكی سعودیە دەداتەوە کە بیکاتە سەری.

سەید یەحیا سەفەوی، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، ئەگەر سعودیە هەر هەڵەیەك بەرانبەر ئێران بكات، ئەوا لە یەكەم رۆژدا كۆشكەكانی شاهانە لە ریاز بە هەزار موشەك بۆردومان دەكرێن، بەڵام بەدووری دەزانم سعودییەكان گەوجێتییەكی وەها ئەنجامبدەن.

ئەو راوێژکارەی ئێران ئەوەشی خستەڕوو، کە ئێران یەكەم هێزی ناوچەكەیە، و هیچ كێشەیەكیش بەبێ‌ بەشداریی ئێمە چارەسەر نابێت.

ماوەی چەند ساڵێکە ململانێ و ناکۆکی لە نێوان هەردوو وڵاتی سعودیە و ئێران دروستبووەو چەندین جاریش لە رێگای میدیاکانەوە هێرش دەکەنە سەر یەکتری و روبەرووی یەکتر دەبنەوە.



PM:08:16:25/06/2018