شهوی رابردوو له ناحیهی چوارقوڕنه هاوڵاتییهكی تەمەن ٣٤ ساڵ لهكاتی سهردانی كردنی بۆ ماڵی خزمێكی فیشهكێك بهرجهستهی کەوتووەو گیانی لەدەستداوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین لە راگەیەندراوێکیدا کە وێنەیەکی بۆ "سپی" نێردراوە، رایگەیاند، شەوی رابردوو لە کاتژمێر ١١:٣٠ خولەک تەرمی هاوڵاتیێکی تەمەن ( ۳٤ ) لە ڕەگەزی نێر بەناوی ( م،ح،ق ) دانیشتوی ڕانیە گەڕەکی کێوەڕەش هێنرایە نەخۆشخانەی گشتی ڕانیە، کە لە ناحیەی چوارقوڕنە فیشەکێکی بەر جەستەی کەوتوە و بەو هۆیەوە گیانی لە دەستداوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو هاوڵاتییە دوای ئەوەی سەردانی خزمێکی دەکات لە چوارقوڕنە گەڕەکی یەکێتی، لەکاتی مامەڵەی چەک و لەلایەن ( ک،م،م ) فیشەکێک لەدەستی دەردەچێت و بەر ناوبراو دەکەوێت.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەفسەری ئێشکگری بەشی پۆلیسی ڕانیە و بەڵگەکانی تاوان و بنکەی پۆلیسی چوارقوڕنە دەگەنە شوێنی ڕوداوەکە و دەستگیرا بەسەر چەکی بەکارهاتوو له جۆری کڵاشنکۆف. دۆسیەی لێکۆڵینوە بۆ ڕوداوەکە کرایەوە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، کە دوای روداوەکە تەرمی ناوبراو بەڕێکرا بۆ پزیشکاری دادوەری ڕانیە و دوای ئەنجامدانی توێکاری پزیشکی بۆ تەرمەکەی ڕادەستی کەسوکاری کرایەوە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا پۆلیسی راپەڕین باسی لەوەشكردووە، کە دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ ڕوداوەکە ڕێکخرا و ( ک،م،م ) بەبڕیاری دادوەر ڕاگیرا و لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە بەردەوامە.