" سێ شەممە دەستدەکرێت بە جیاکردنەوەی دەنگەکان بەدەست"

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند " بڕیارە 3ی ئەم مانگە رۆژی سێشەممەی داهاتوو ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان دەست پێبكات، ژماردنەكانیش لەسەر بنەمای ئەو سكاڵایانە دەبێت كە تۆماركراون".

لەیس جەبر حەمزە، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند " دادوەرانی كۆمسیۆنی باڵا بڕیاریانداوە بەدیاریكردنی ئەو ناوەند و وێستگانەی كە سكاڵایان لەسەر تۆماركراوە لە  هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا، هەروەها پڕۆسەی جیاكردنەوەو ژماردنی دەستی لە رۆژی سێشەممەی داهاتوو 3ی ئەم مانگە بە ئامادەبوونی ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵا دەستپێدەكات".

ناوبراو دەڵێت " ئەو پڕۆسەیە لە نوسینگەكانی هەڵبژاردن لە هەریەكە لە پارێزگاكانی كەركوك و سلێمانی و هەولێر و دهۆك و نەینەواو سەڵاحەدین و ئەنبار بەڕێوەدەچێت."

لەیس جەبر وتیشی" سەرەتا لە پارێزگای كەركوكەوە دەستپێدەكەن و دواتریش دەچنە پارێزگاكانی دیكە، ئەوەش بەپێی ئەو وادەی كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی دیاریدەكات".

لەبارەی ئەو سندوقانەی كە لە پارێزگاكانی دیكەوە گواستراونەتەوە بۆ بەغدا لەیس جەبر حەمزە وتی، ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، هەروەها ژماردنەوەی دەستی دەنگەكانی دەرەوەی وڵات لە هەریەكە لە وڵاتانی ئێران و توركیا و بەریتانیا و لوبنان و ئەردەن و ئەمەریكا و ئەڵمانیا بەرێوەدەچێت و رێكاری پێویست بۆ گواستنەوەی سندوقەكانی دەنگدان دەگیردرێتەبەر بۆ بەغدا.

رونیشیكردووتەوە، پڕۆسەی جیاكردنەوەو ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان بە ئامادەبوونی چاودێرانی نەتەوە یەكگرتووەكان و نوێنەرانی باڵیۆزخانەكانی وڵاتانی بیانی و نوێنەری حزبە سیاسیەكان و چاودێرانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی و میدیاكان بەڕێوەدەچێت.



PM:03:21:30/06/2018