دادگای فیدراڵی: جیاکردنەوەی دەستیی دەنگەکان تەنیا لەو بنکە و سندووقانە دەکرێت کە سکاڵایان لەسەرە

 دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەكان لە دادگای فیدراڵی، پشتگیری خۆی بۆ بڕیارەکەی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دەربڕی و بڕیاریدا جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان تەنیا لەو بنکە و سندووقانەی سکاڵایان لەسەرە بکرێت، نەك سەرجەم وێستگەكانی هەڵبژاردن لە سەرتاسەری عێراق.

بەپێی بەیاننامەیەکی  ناوەندی راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، کە ئەمڕۆ یەكشەمە 1ی تەمووز، بڵاویکردوەتەوە ئاماژەی بەوە کردووە "بڕیاری دەستەی دادوەری كۆكە لەگەڵ ئەو بڕیارەی لە دادگای باڵای فیدراڵی دەركراوە سەبارەت بە دووبارە بە دەست جیاكردنەوەی دەنگەكان لەو وێستگانەی سكاڵایان لەسەر تۆماركراوە".

رۆژی 21ی حوزەیران، دادگای باڵای فیدراڵی رایگەیاند، بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ ژماردنی دەنگەکان بە دەست یاساییە، بەڵام بڕیاری تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و دەنگدانی دەرەوە و ئاوارەکانی رەتکردەوە.

هەروەها بەپێی راگەیێندراوی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە رۆژی سێشەممە 3ی تەمووز دەست دەکرێت بە جیاکردنەوەی دەستیی دەنگەکان و پرۆسەکەش لە کەرکووکەوە دەستپێدەکات و حەوت پارێزگا دەگرێتەوە.






PM:04:04:01/07/2018