ئەنجومەنی هەڵوەشانەوەی پاشەکەوتی موچە داوا لە حکومەت دەکەن دابەشکردنی موچە لە ٣٠ ڕۆژ زیاتر تێپەڕنەبێت و یاسای چاکسازی موچە بکەوێتە بواری جێبەجێکردن.
ئەنجومەنی هەڵوەشانەوەی پاشەکەوتی موچە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، حکومەت لەبری تەواوکردنى پرۆسەى چاکسازی و جێبەجێکردنى بەڵێنەکانی جارێکیتر دەیەوێت ٥٠ ڕۆژ جارێک موچە دابەشبکات.
ڕاشیانگەیاندووە، "ئێمە بە توندى دژ بەم جۆرە ئیدارەدانە دەوەستینەوە و بە هەموو توانامانەوە و بە هەموو ڕێگایەک کاردەکەین تا ئەو کاتەى مافی ڕەوای خەڵکی دەسەنین و تا ئەو کاتەى بە تەواوی سیستمی پاشەکەوتى موچە هەڵدەوەشێتەوە بەردەوامدەبین".
ئەو ئەنجومەنە چوار داواکارییان ئاراستەى حکومەت کردووە لەوانە، پابەندبوونى وەزارەتی دارایی بە پێدانی موچە بە شێوەیەکی مانگانە لەدوای ٣٠ ڕۆژ و پاشەکەوتی مووچە لاببرێت و یاسای چاکسازی جێبەجێبکرێت، و هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەران بکرێتەوە.