بەڤیدیۆ...وەزیری دەرەوەی تورکیا هەڕەشە لە یەکێتی و گۆڕان دەکات

وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان "دژی مەسعود بارزانی، هاوکاریی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یان کردووە و ئێستاش باجی ئەو هاوکارییە دەدەن".

لە میانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی "ئەنادۆڵۆ"ی سەر بە حکوومەتی تورکیا، مەولوود چاوش ئۆغلوو، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند کە بە مەبەستی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە دژی پەکەکە لە سنووری جوگرافیی دەوڵەتی عێراق، هەوڵدەدەن لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەماهەنگی بکەن و وتیشی کە "دوای پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، تورکیا و ئەمریکا لەمبارەیەوە هەنگاو دەنێن.

وەزیری دەرەوەی تورکیا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی کە "لە دوای ڕیفراندۆم، یەکێتی و گۆڕان بەپێشنیازی هەندێک وڵات، لە دژی سەرۆک بارزانی لەگەڵ پەکەکە ڕێک کەوتوون، بەڵام ”ئێستا باجی ئەم هاوکارییە دەدەن".

جەختی لەوەشکردەوە کە بەرپرسێکی یەکێتی کە ئێستا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستاندایە، داوای کۆبوونەوەی لێکردووە و دوای ئەوەی لە ئیستەنبۆڵ لەگەڵیدا کۆبووەتەوە، بەرپرسەکەی یەکێتی وتوویەتی "پەکەکە بووەتە دەسەڵاتداری پارتەکەمان و ئەو فەرمانمان پێ دەدات، منیش وتم هاوکاریکردنی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ئەنجامەکەی بەو شێوەیە دەبێ".

ئەوە یەکەم جار نیە تورکیا یەکێتی و گۆڕان بە هاوکاریکردنی پەکەکە تۆمەتبار دەکات و دەستپێنەکردنەوەی گەشتەکانی سلێمانی - تورکیاش بە هەمان بیانووە.




PM:05:17:06/07/2018