ئەیاد عەلاوی: ڕێژەی ساختەکاری لە کەرکوک گەیشتووەتە ٥٠%

ئەیاد عەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی ڕایگەیاند، دەرکەوتنی ساختەکاری بە ڕێژەیەکی بەرز لە کاتی ژماردنی دەستیی دەنگەکانی کەرکوک، بەڵگەیە لەسەر گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنی پەرلەمان کە لە ١٢ مانگی ئایاری رابردوو بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆ شەممە، عەلاوی لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، ڕێژەی ساختەکاری لە هەندێک بنکەی دەنگدان لە کەرکوک گەیشتووەتە ٥٠%.

دەشڵێت "پێویستە لەسەر دادوەرەکان کار بە هەمواری سێهەمی یاسای هەڵبژاردن بکەن، کە بریتییە لە ژماردنی دەستی تەواوی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە هەموو پارێزگاکان".

هەروەها عەلاوی پێی وایە، پێشێلکردنی هەمواری سێهەمی یاسای هەڵبژاردن، جێباوەڕی پرۆسەی سیاسی لەدەستدەدات.

پێشتریش بەرەی تورکمانی باسی لەوەکردبوو، لە بەشێک لە سندوقەکانی قەزای داقوق ساختەکاری گەورە ئاشکراکراوە و سەدان دەنگ بۆ حزبێکی دیاریکراو زیادکراوە.



PM:12:38:07/07/2018