ئاماری توشبوانی تای خوێنبەربوون ئاشكرا کرا

وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاماری توشبوان و گیان لەدەستدانی تای خوێنبەربونی  بڵاوکردەوە


 بەپێی ئامارێکی وەزارەتی تەندروستی عێراق، ژمارەی ئەو كەسانەی کە تووشی نەخۆشی تای خوێنبەربوون بوون گەیشتۆتە 8 كەس و لەو ڕێژەیەش 6 كەسیان گیانیان لەدەستداوەو كەسێكیش چاك بۆتەوە و کەسێکی دیكەشیان لەژێر چارەسەری پزیشكیدایە.


هەر بەپێی ئامارەکە کە لەلایەن سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عیراق خراوەتەڕوو، لە ئێستادا كەسێكی دیکە براوەتە نەخۆشخانە و جیاكراوەتەوە کە  گومانی تووشبوونی بە تای خوێنبەربوون لێ‌ دەكرێت، بەڵام تا ئێستا ئەنجامی پشكنینەكانی دەرنەچووە.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەی ئەو کەسانی ساڵی ڕابردوو تووشی نەخۆشیەكە بوون زیاتر بووە لە توشبوانی ئەمساڵ.

ماوەیەکە بەهۆی بلاوبونەوەی ڤایدرۆسێک کە بە 
ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون ناسراوە، کە نەخۆشیەکی گواستراوەیە لەرێگەی گەنەیەکەوەو دەگوازرێتەوە بۆ مەڕو ماڵات و لەویشەوە بۆ مرۆڤ، هەردوو وەزارەتی تەندروستی هەرێم و عێراق ئامادەکاری تەواو دەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکەو چەندین رێنماییشیان بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان راگەیاندووە.


PM:07:31:07/07/2018