وەزارەتی کارەبا: ئەم ھاوینە دوا ھاوینی قەیرانی کارەبا دەبێت


بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند لە رێگەی گرێبەستێک چەند سەعاتێک کارەباش زیاد دەبێت، وتیشی"ئەم ھاوینە دوا ھاوینی قەیرانی کارەبا دەبێت".

 

محەمەد ئەمین ھەورامی، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای کوردستان بە باسی وتووە ”جگە لەوەی بەھۆی بەرزیی پلەی گەرما خواست لەسەر کارەبا زۆر زیادی کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا زێدەڕۆیی لەسەر کارەبا لە لایەن خەڵک و بەرپرسان و کارگەکان و چەندین دامەزراوەی تر زۆر زیادی کردووە، بۆ ئەوە حکوومەت پێوەری زیرەک دادەنێت و ئەو کێشەیە چارەسەر دەکرێت".

 

ڕاشیگەیاندووە. ئێستا کارەبای نیشتمانی لەنێوان ١١ بۆ ١٢ سەعاتە و بەپێی خشتەی دیاریکراو لە پارێزگاکان دابەش دەکرێت.

 

وتەبێژی وەزارەتی کارەبا ڕاشیگەیاند: ”گرێبەستێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ھەیە، بڕێکی باشی گازی سروشتی بۆ وێستەکانی کارەبا زیاد دەبێت، بەمەش لە ماوەی دوو مانگی داھاتوودا کارەبا زۆر زیاد دەکات، لەپاڵ ئەوەشدا ھەوڵی رژد ھەیە بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی دابەشکردنی کارەباش بکرێت و سەرپێچییەکان کەم بکرێنەوە".

 

دەشڵێت”بەپێی گرێبەستەکە ١٠٠ ملیۆن پێ سێجا گازی سروشتی دەدرێتە وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا، بەوەش چەندین یەکەی کارەبا کە بەھۆی نەبوونی سووتەمەنی وەستاون، دەخرێنەوە کار".

 


PM:04:02:10/07/2018