فراكسیۆنی یەكگرتوو داوای هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم دەكات

فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی داوای هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات.

بەهزاد زێباری، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، داوای هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی کرد و رایگەیاند"دەبوایە دەستوور بنوسرێتەوە و سیستەمی پەرلەمانی بچەسپێنرێت و سیستەمی پەرلەمانیمان پەیرەو بكردایە، بەڵام ئەوە نەكراوە".

هەروەها وتی، "پێویست بوو بەپێی یاسای ژمارەی 2ی ساڵی 2017 هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێم ئەنجام بدرێت لە 30ی ئەیلول لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام دەسەڵاتەكان دابەشكراوەو هەڵبژاردنیش ناكرێت، ێمە پێمان وایە بەهۆی ئەوەی سەرۆكایەتی هەرێم ناكۆكی سیاسی لێكەوتووەتەوە و ئێستاش دوو لایەن داوا دەكەن دوابخرێ بۆ خولێكی دیكەی پەرلەمان، پێمان وایە گرفتەكە بەردەوام دەبێت".

بەهزاد زێباری ئەوەشی خستەڕوو، "دواخستنی كێشەكان لە بەرژوەندی هەرێمی كوردستان نیە و پێمان وایە كوردستانیش بەرگەی لە خۆگرتنی ئەو كێشانە و دواخستنیان ناكات بۆ داهاتوو".

هاوكات ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتوو رایگەیاند، "دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم سەرچاوەیی قەیرانی سیاسی-یەو رەمزی سەروەری هەرێم نەبووە و بووەتە بارگرانی ئابوریش بەسەر شانی هەرێمی كوردستانەوە".


AM:11:57:11/07/2018