گۆڕان هەڵبژاردنە ناوخۆیەکان و کۆنفرانس ئەنجام دەدات

جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاریدا دەست بکات بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە ناوخۆیەکان، دواتریش کۆنفراسی دووەمی ئەو حیزبە سازبکرێت.

بەپێی راگەیاندراوێک کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ ١٢ ی تەموزی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان دەرچووە، ئەو حیزبە بڕیاری داوە " : بۆ وەرگرتنی راوو سەرنج و پێشنیازی هەڵسوڕاوانی گۆڕان لەسەر کۆی پرسەکان، لە زوترین کاتدا بەپێی دەستوری بزوتنەوەی گۆڕان، کۆنفرانسی پارێزگاکان بە ئامادەبونی هەڵسوڕاوانی هەموو ناوچەکان، لە هەولێرو سلێمانی وهەڵەبجەو دهۆک و کەرکوک بەڕێوە دەچێت".
 
ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

هاونیشتیمانیانی به‌رێز
ده‌نگده‌ران و هه‌ڵسوڕاوانی به‌ڕێزی گۆڕان

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، ١٢ی ٧ی 2018 جڤاتی نیشتیمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان کۆبونه‌وه‌ی خۆی تایبه‌ت به‌ ده‌رئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ 12ی ئایاری 2018، ئاماده‌کارییه‌کان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان و کاروباری رێکخراوه‌یی بزوتنەوە‌ی گۆڕان ئه‌نجامدا.

په‌یوه‌ست به‌ ده‌رئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، بزوتنەوه‌ی گۆڕان له‌ ئێواره‌ی رۆژی ده‌نگدانه‌وه‌ هاوڵاتیانی له‌ ئه‌نجامدانی ته‌زویر و دزینی رێکخراو و فراوانی ده‌نگی خه‌ڵك ئاگادار کرده‌وه‌. بۆ گێڕانه‌وه‌ی ده‌نگی هاوڵاتیان له‌گه‌ڵ حیزبه‌ هاوپه‌یمانه‌کانمان له‌ کۆمیسیۆن و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق و دادگای فیدراڵی عێراق، بە رێگای دیپلۆماسی و سیاسی و یاسایی هەموو بژاردەکان گیرانە بەر و بەردەوامین. لەکاتی ئاشکراکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵوێستی خۆمان بۆ رای گشتی دەخەینەڕو.

بە راشکاوی دەڵێین: بۆچۆنیەتی هەڵسوکەوت لەگەڵ هێزەکانی ناوخۆکە دەیانەوێت ئیرادەی گەلەکەمان بشکێنن، دوو رێگامان لە بەردەمدایە: یان تەسلیمبون و قبوڵکردنی ستەم و پاشکۆیەتی یان بەردەوامی لە خەبات و تێکۆشان، بزوتنەوەی گۆڕان بە پشتیوانی گەلەکەمان هەمیشە رێگای دوەم هەڵدەبژێرێت. لەبەردەم پیلان و گوشاری هێزە خۆسەپێن و تەزویرچیەکان بەو پەڕی ئیرادەوە دەوەستێتەوە.

لەکۆبونەوەکەدابڕیار درا:
یەکەم:جڤاتی نیشتیمانی دامەزراوەی سەرکردایەتی بوارەکانی کاری سیاسی، رێکخراوەیی، کارگێریی، دارایی و میدیایی بزوتنەوەی گۆڕانەو لە سەر ئەو بنەمایەو، لە رێگەی ئۆرگانە جیاجیاکانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە کارو دەسەڵاتەکانی ناوخۆی گۆڕان رێک دەخاتەوە. 

دوەم: بۆ وەرگرتنی راوو سەرنج و پێشنیازی هەڵسوڕاوانی گۆڕان لەسەر کۆی پرسەکان، لە زوترین کاتدا بەپێی دەستوری بزوتنەوەی گۆڕان، کۆنفرانسی پارێزگاکان بە ئامادەبونی هەڵسوڕاوانی هەموو ناوچەکان، لە هەولێرو سلێمانی وهەڵەبجەو دهۆک و کەرکوک بەڕێوە دەچێت.

سێیەم: بەئامانجی نوێبونەوەو زیاتر رێکخستنەوەو تۆکمەکردنی پرۆسەی بڕیارو بەڕێوە بردن لەگۆڕاندا، راستەوخۆدوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیکوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکان، پرۆسەی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی گۆڕان لە هەموو ئۆرگانەکاندا دەست پێدەکات و تەواوی پۆستەکان بۆ گۆڕانکاری کراوە دەبن. هەر پاش ئەوەش لە نزیکترین کاتدا دووەمین کۆنفرانسی نیشتیمانی گۆڕان ئەنجام دەدرێت.


چوارەم: پێکهێنانی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکان بۆ ئامادەکاری هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکان.

پێنجەم: بزوتنەوەی گۆڕان لە چوارچێوەی پێشنیازێکی چڕوپڕدا درێژە بە هەنگاوەکانی دەدات، بۆ ئەنجامدانی هاوپەیمانێتیەکی فراوان تا دروستکردنی فراکسیۆنی یەکگرتو لە نێوان ئەو هێزانەدا کە لەبەرەی خەڵکن.

گۆڕانخوازان دڵنیا دەکەینەوە ئیرادەی تەواومان هەیە بۆ چارەسەری گرفتەکان و بەهیچ شێوەیەک و لە ژێر هیچ پاساوێکدا لێناگەڕێین بزوتنەوەی گۆڕان لە پرنسیپ و ئامانجە نەگۆڕەکانی لابدات و مافی ئەوەشمان نیە. هەروەها دەمانەوێت زۆر سوپاسی خەمخۆری یەك بە یەکی هەڵسوڕاوانی گۆڕان بۆ بزوتنەوەکەی خۆیان و رێبازی نەوشیروان مستەفا بکەین و وەک هەمیشە ئێوە کۆڵەکەی سەرەکی هێز و بەردەوامبوونی بزوتنەوەی گۆڕانن.

زۆرسوپاسی ئەو رۆشنیرو نوسەرو کەسانە دەکەین کە لەدڵسۆزیان بۆپرۆسەی دیموکراسی و ئەو پرنسیپانەی کە گۆڕانیان لەسەر بنیاتنراوە، رەخنەی جدی و بنیاتنەرمان لێدەگرن، ئێمە پشتیوانی رابردوی ئێوەمان لە بزوتنەوەی گۆڕان لەبەر چاوەو دڵنیاتان دەکەین رەخنەکانی ئێستاشتان بە هەند وەردەگرین.

هاوکات داوا لەهاوڵاتیانی کوردستان دەکەین، خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکان ئامادە بکەن و، هەر لە ئێستاوە بڕۆن بۆ دۆزینەوەو نوێکردنەوەی ناوەکانیان. لەوە ئاگاداربن دەسەڵات و ناحەزانی ئەم گەل و نیشتیمانە بە هەموو جۆرێک کار دەکەن بۆ بێهیواکردنی خەڵک لە هەڵبژاردن، باشترین و بەهێزترین وەڵام بۆ بەتاڵکردنەوەی پیلانی بێهیواکردن و دەستەمۆکردنی گەلەکەمان، بەشداریی فراوانە لە هەڵبژاردنەکاندا. بە لە بەرچاوگرتنی ئەزمون و تاکتیکی هێزە تەزویرچیەکان، لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان هەموو رێگایەک دەگرینە بەر بۆ رێگری لە ساختەکاری.

بەڵێن دەدەین وەك رۆژی یەکەم لە ئێستا و ئایندەدا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی خەڵک و پرنسیپەکانی گۆڕان بەردەوام دەبین.

جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان
١٢ی ٧ی ٢٠١٨


ئه‌م بابه‌ته ‌848 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:07:51:12/07/2018