بانگهێشتنامەیەکی سەرۆککۆماری عێراق کێشە دەخاتە نێو لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی هەرێم

فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری عێراق یەک نوێنەر لەبری چوار لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکەی هەرێم دیاری دەکات بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەیەک لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی ئێستای وڵاتەکە، ئەمەش ناڕەزایەتی سێ لایەنەکەی تری لێدەکەوێتەوە.

بەگوێرەی نوسراوێک کەلەلایەن نوسینگەی فوئاد مەعسوم سەرۆککۆماری عێراقەوە ئاڕاستەی نوسینگەی سەڵاحەدین بەهائەدین  ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، کراوە، تیایدا بە شێوەیەکی فەرمی و وەک نوێنەری هەرچوار لایەنی ئۆپۆزسیۆن(گۆڕان، هاوپەمانی، کۆمەڵ، یەکگرتوو)دەکات بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەیەک لەسەر دۆخی ناوخۆی عێراق و ئەو کێشانەی روبەڕوی بونەتەوە.

بەپێی نوسراوەکە، کۆبونەوەکە کاتژمێر ٥ی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆشکی سەلام لە بەغداد لەنێوان سەرۆککۆمار و ئەو لایەنە سیاسییانە ئەنجامدەدرێت، کە دەنگیان هێناوەو نوێنەریان هەیە لە پەرلەمانی داهاتووی عێراق.

ئەم نوسراوەی سەرۆککۆماری عێراق  لەسەر نوێنەرایەتی کردنییان لەو کۆبونەوەیە، ناڕەزایەتی سێ لایەنەکەی دیکەی ئۆپۆزسیۆنی لێکەوتووەتەوە، بەو پێیەی ئەو سێ لایەنەش هەروەک لایەنەکانی دیکە دەنگی پێویستیان بەدەست هێناوەو ولەوەپێشیش قورسایی خۆیان هەبووە لەنێو پەرلەمان، بۆیە پێیانوایە دەبوو نوێنەری هەرچوار لایەنەکە بانگهێشت بکرایە نەک بە تەنها یەکگرتوو نوێنەرایەتییان بکات.


AM:10:23:18/07/2018