سەرۆککۆماری عێراق لەبارەی خانەنشینکردنی پەرلەمانتارانەوە روونکردنەوە دەدات

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق روونکردنەوەیەک لەبارەی دەرکردنی مەرسومێکی کۆماریی بۆ خانەنشینکردنی سەرۆک و هەردوو جێگرانی سەرۆک و ئەندامانی خولی سێ یەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاودەکاتەوە.

لە رونکردنەوەیەکدا کەلەلایەن سەرۆکایەتیی کۆماری عێراقەوە بلاوکراوەتەوەو وێنەیەکی بۆ "سپی" نێردراوە، تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو، رۆژی چوارشەممە ١٨ی تەمووز، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سایتەکانی راگەیاندن باس و خواسیان لەسەر ئەوە بوە کە سەرۆک کۆمار، دکتۆر فوئاد مەعسوم قانونی ژمارە (١٣)ی ئەنجومەنی نوێنەران و پێکهاتەکانی و مەرسومی کۆماریی تایبەت بە خانەنشینیکردنی ئەندامانی خولی سێ یەمی ئەنجومەنەکەی پەسەند کردوە.

ئاماژە بەوەشدراوە، لەگەڵ رەچاوکردنی مادەی (8)ی ئەم قانونەدا بە مەرسومێکی کۆماریی سەرۆک و هەردو جێگرانی سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنەکە خانەنشین دەکرێن.

دەقی روونکردنەوەکە...

بە ناوی پەروەردگاری بەخشندەو میهرەبانەوە

رۆژی چوارشەممە ٢٠١٨/٧/١٩ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سایتەکانی راگەیاندن باس و خواسیان لەسەر ئەوە بوە کە بەڕێز سەرۆک کۆمار دکتۆر فوئاد مەعسوم قانونی ژمارە (١٣)ی ئەنجومەنی نوێنەران و پێکهاتەکانی و مەرسومی کۆماریی تایبەت بە خانەنشینیکردنی ئەندامانی خولی سێ یەمی ئەنجومەنەکەی پەسەند کردوە، نوسینگەی راگەیاندن لەم بارەیەوە ئەم بەیانە رادەگەیەنێت:

١- مەرسومە کۆمارییەکە پشت بە حوکمەکانی مادەی (13/یەکەم) لە قانونی ئەنجومەنەکە دەرچوە کە ئاماژەیکردوە بۆ:

  "یەکەم - لەگەڵ رەچاوکردنی مادەی (8)ی ئەم قانونەدا بە مەرسومێکی کۆماریی سەرۆک و هەردو جێگرانی سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنەکە خانەنشین دەکرێن" بۆیە پێویستە لەسەر سەرۆکایەتیی کۆمار مەرسوم دەربکات وەک جێبەجێکردنێکی حوکمەکانی قانونی ئاماژە بۆ کراو.

٢- دەربارەی پەسەندکردنی قانونەکەی ئەنجومەنیش دەمانەوێت بەم شێوەیە رونی بکەینەوە:

- رێکەوتی ٢٠١٨/٣/٥ خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی دا بۆ پرۆژەی قانونی ئەنجومەنی نوێنەران و پێکهاتەکانی کە کاری ئەندامانی ئەنجومەن رێکدەخات - حاڵەتی کۆتایی هاتنی پارلەمانتاریی - پسپۆڕییەکانی ئەنجومەن - تەشكيلات و راژەکانی ئەنجومەن -بودجەی ئەنجومەن، قانونەکە رەوانەی سەرۆکایەتیی کۆمار کراوە بۆ پەسەندکردنی بە پێی نوسراوی ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجومەنی نوێنەران بە ژمارە 1/9/3087 لە رۆژی 14/3/2018.

 - قانونەکە خراوەتە بەردەم بەڕێز سەرۆک کۆمار ئەویش لای خۆیەوە ناردویەتی بۆ فەرمانگەی قانونیی بۆ وردبینیی پیاچونەوەی،
دوای تاوتوێکردنی چەندین سەرپێچیی دەستوریی و قانونیی لە دەقەکەدا دەرکەوت، سەرباری نەگونجاندنی لەگەڵ پرەنسیبە گشتییەکان لەوانە پرەنسیبی جیاکردنەوەی نێوان دەسەڵاتەکان، پرەنسیبی یەکسانیی لە ماف و ئەرکەکاندا، لە ئەنجامدا بەڕێز سەرۆک کۆمار فەرمانی دا قانونەکە بگەڕێنرێتەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بۆ لابرنی ئەو سەرپێچییانە کە لە سەرنج و خوێندنەوەکاندا بە چڕیی بۆ ئەنجومەن یاداشت کرابو بە نوسراوی سەرۆکایەتیی کۆمار بە ژمارە م.ج/1/5/719 لە 25/3/2018.

 - بۆ جاری دوەم قانونەکە نێرایەوە بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار بە مەبەستی پەسەندکردنی بە پێ نوسراوی ئەنجومەنی نوێنەران بە ژمارە 1/9/5495 لە 7/6/2018، لە نوسراوەکەدا هاتوە کە هیچ سەرپێچییەکی دەستوریی یا قانونیی نییە، هاوکات ئەنجومەنەک ئیدعای کردوە کە دەقێکی دەستوریی نییە بەڕێز سەرۆک کۆمار سەرپشک بکات بۆ ناردنەوەی قانونەکان، لەوەشدا پشتیان بەستوە بە مادەی (73/سێیەم)ی دەستور و بڕیاری ئەم دواییەی دادگای باڵای فیدراڵیی، بەڕێز سەرۆک کۆمار ئامادە نەبو ئیمزای بکات بەهۆی سەرپێچیی دەستوریی لەقانونەکەدا، بەڵام قانونەکە بە تێپەڕبونی ئەو ماوە قانونییەکەی کە دانراوە بۆ کارپێکردنی، رەوانە کرا بۆ بڵاوکردنەوەی.

هاوکات دوپاتی دەکەینەوە کە سەرۆکایەتیی کۆمار کاری کردوە بۆ رەتکردنەوەی هەر قانونێک کە سەرپێچیی دەستوریی یا لادان و کەموکورتییەکی قانونیی تیادا بێت، و لای دادگا پسپۆڕ و پەیوەندیدارەکانیش تانەی لەو قانونانە داوە بەڵام ئێستاش ئەو رێوشوێن و هەنگاوانە ناکامن. بە مەبەستی رێگرتن لە دەرکردنی ئەو قانونانەی کە دەستور پێشێل دەکەن و زیان لە سامان و دارایی گشتیی دەدەن و دەستوەرئەدەن لە ماف و ئازادییە گشتییەکان سەرۆکایەتیی کۆمار بە مافی نەگۆڕی خۆی دەزانێت رێگریی بکات لەو قانونانە رێ بگرێت لە دەرکردنیان لەو پێناوەشدا هەمو رێوشوێنێکی دەستوریی دەگرێتە بەر.



PM:04:39:19/07/2018