" ٨٠٠ هەلی کار لە سلێمانی رادەگەیەنرێت "

رێکخراوێکی ئەڵمانی ٨٠٠ هەلی کاردابین دەکات بۆ پاراستن و خزمەتکردنی هەروو پارکی هەواری شار و پارکی ئازادی.

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ سپی نێردراوە، تیایدا هاتووە " هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی دیداری لەگەڵ ڕۆلاد لاکنەر لێپرسراوی ڕێکخراوی GIZ ئەڵمانی لە هەرێمی کوردستان کردووە، ڕێکخراوەکە بەڵێنی بەردەوامبوونی پرۆژە بەگەڕخراوەکانی ڕێکخراوی GIZی داوە تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٩."

راگەیەندراوەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەو رێکخراوە هەوڵدەدات لە داهاتوودا لە کارەکانیاندا دەرفەتی هەلی کار بۆ گەنجان بڕەخسێنێت و لەو چوارچێوەیەشدا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ٨٠٠ هەلی کار بۆ پاراستن و خزمەتکردنی پارکی ئازادی و هەواری شار لە سلێمانی ڕادەگەیەنن.

هەروەها هاتووە " ڕێکخراوەکە پڕۆژەکانی بواری هاوکاری مرۆیی و پەرەپێدانی گەنجان و گەشەکردنی کەرتی تایبەت لە شارەکە بەگەڕدەخات و لە ئێستاشدا ڕێکخراوەکەیان کاردەکات بۆ دروستکردنی (ئاگربڕ) لە شاخی ئەزمڕ و گۆیژە".

ڕێکخراوی GIZ یەکێکە لە گەورەترین ڕێکخراوە حکومییەکانی حکومەتی ئەڵمانیا کە لەلایەن وەزارەتی پەرەپێدانی ئەڵمانیاوە پشتیوانی دەکرێت، ئەمساڵیش لە پارێزگای سلێمانی چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری خستە بواری جێبەجێکردنەوە.



PM:09:48:19/07/2018