سپی زانیاری لەسەر هێرشەکەی سەر بینای پارێزگاری هەولێر بلآودەکاتەوە

بەیانی ئەمڕۆ هێرشکرایە سەر بینای پارێزگاری هەولێر، تا ئێستا شەڕ بەردەوامە بەپێی زانیاریەکانی سپی چەکدارەکان سێ کەسن.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە، ژمارەی هێرشبەرەکان سێ کەسبوون و جلی مەدەنیان لەبەردابووەو دەمانچەیان پێبووە.

زانیاریەکانی سپی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە سەرەتا ئەو سێ چەکدارە دوو فیشەکیان بە پاسەوانی بەردەگاکەوە ناوەو بەسەختی برینداریان کردووە، دواتر کلآشنکۆفی پاسەوانەکەیان بردووەو چوونەتە نێو بینای پارێزگارەوە.

زانیاری سپی باس لەوە دەکات کە هەر سێ چەکدارەکە چەکی سووکی وەک دەمانچەو کلآشنکۆفی پاسەوانەکەیان پێی یەو، ئێستا لە نهۆمی سێهەم جێگیربوون کە ژووری دانیشتنی پارێزگاری تیایە.

بەرپرسێکی ئەمنی هەرێم بە سپی راگەیاند" پێناچێت چەکدارەکان خۆکوژبن و پێدەچێت هێرشبەری ئاسایی بن ".

ئەو بەرپرسە وتیشی" کۆنترۆڵكردنی بینای پارێزگای هەولێر گورزێکی رەمزی و ئەمنی گەورەیە لە هەرێم و لەو شارە دەدرێت ". 

لەو دەمەوەی چەکدارانی داعش درووستبوون، ئەمە سێهەمین هێرشە دەکرێتە سەر بینایەی پارێزگای هەولێر.



AM:10:56:23/07/2018