میترۆ:نابێت رێوشوێنە یاساییەكان ببنە بەربەست بۆ ئازادی كاری رۆژنامەنوسی

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان، داوا دەكات "رێوشوێنە یاساییەكان"ی پێدانی مۆڵەت و قەرزی كەناڵەكان نەبنە بەربەست لەبەردەم ئازادی كاری رۆژنامەنوسی.

لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویکردوەتەوە، سەنتەری میترۆ ئاماژە بەوەدەکات، "ماوەیەكە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوا لە كەناڵە ناوخۆییەكان دەكات كە مۆڵەتەكانیان تازە بكەنەوەو ئەو قەرزەی كەوتۆتە ئەستۆیان بیگەرێننەوە بۆ حكومەت، رێگەی بەچەند كۆمپانیایەكی ئەهلی داوە كە پەخشی كەناڵە ناوخۆییەكان بڵاوبكەنەوە، بە هۆیەوە هەندێك كەناڵ پەخشەكانیان راگیرا".

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئێوارەی 25 ی تەموز كاتژمێر 4:18 بە بڕیاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەن كۆمپانیای میكس میدیاوە پەخشی ناوخۆی كەناڵی ئازادی راگیرا، بە بیانوی نەبونی مۆڵەت".
 
میترۆ لە زاری هەندرێن ئەحمەد بەرپرسی راگەیاندنی حزبی شیوعی كوردستان ئەوەش دەخاتەڕوو،"راگرتنی پەخشی كەناڵی ئازادی لە چوارچێوەی رێكخستنی فریكوێنسی كەناڵە ناوخۆییەكانە، وتیشی " كەناڵی ئازادی لە ساڵی 1992 دامەزراوەو لە ساڵی 2009 وە ئێمە داوای مۆلەَتمانكردوە لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان كاتێك داواكەمان دەچێتە وەزارەتی ناوخۆ وەڵامی داواكەمان نادرێتەوە"

ئەو بەرپرسە جەختی لەوەشكردوەتەوە، کە " راگرتنی پەخشی كەناڵەكە پەیوەندی بە نەدانی پارەوە نیە".

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان، پێی وایە هەندێ "رێوشوێنی یاسایی" بۆ پێدانی مۆڵەت یان سزادانی كەناڵەكان بە پاساوی قەرزاری ئەبنە بەربەست لەبەردەم ئازادی كاری رۆژنامەنوسی.

هەروەها میترۆ داواشدەكات، کە  بڕیارەكانی وەزارەت و ئەو دوو كۆمپانیایەی وەزارەت فریكێۆنسی لەگەڵ رێكدەخات، پێچەوانە نەبن لەگەڵ بڕگەكانی یاسای كاری رۆژنامەنوسی.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێكخراوێكی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، كۆمەڵێك ڕۆژنامەنوس‌و پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە.




PM:05:06:26/07/2018