دادگای هەولێر دۆسیەی هیوا ئەحمەد بەرپرسی لقی ٤ پارتی، تۆمەتباری خۆپیشاندانەکانی سلێمانی داخست


دوای ئەوەی دۆسیەکە لە دادگای سلێمانیەوە گوازرایەوە دادگای هەولێر، دۆسیەی تۆمەتبار هیوا ئەحمەد مستەفا بەرپرسی لقی چوار لە خۆپیشاندانەکانی ١٧ ی شوباتی ٢٠١١دا داخرا.

لە رۆژی ١٧ ی شوباتی ٢٠١١ دا کە لە ئەنجامی تەقەکردنی چەکدارانی پارتی لە لقی چوار و هیزە ئەمنییەکانی سلێمانی مێرمنداڵێک شەهید و زیاتر لە ٥٧ کەس برینداربوون، بەپرسی لقی چوار کە هیوا ئەحمەد بوو وەک تۆمەتبار لەلایەن کەسوکاری قوربانییەکانەوە داوای لەسەر کرا، هەرچەندە شوێنی تاوانەکە سلێمانی بوو، بەڵام دادگا گواستیەوە بۆ هەولێر، لە رۆژانی رابردووشدا ناوبراو ئازاد کرا.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ، پشتگیری خۆی بۆ کەسوکاری شەهیدان و بریندارانی ۱۷ی شوبات و ڕۆژانی دوایی دووپاتکردەوە.

ڕاشیگەیاندووە، "ئەم بڕیارەی دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر ئاماژەیەکی ڕوونە کە جووت حزبی دەسەڵاتدار جگە لەوەی داڵدەدەری تۆمەتباران و هەڵاتووانن لە یاسا، لە هەمانکاتدا دەستوەردانی ڕاستەوخۆش دەکەن لە کاری دادگاکان".

نەوەی نوێ دەشڵێت " شوێنی تاوانەکە سلێمانییە و سکاڵاکاران لە سلێمانین بەبێ بوونی هۆکاری یاسایی، کەیسەکە گواستراوەتەوە بۆ هەولێر و بەبێ ئەنجامدانی هیچ لێکۆڵینەوەیەکی یاسایی تۆمەتبار تۆمەتەکەی لەسەر لابراوە".

لە خۆپیشاندانەکانی سلێمانی شوبات و مانگەکانی دوایی کە زیاتر لە دوو مانگی خایاند، ١٠ هاوڵاتی و دوو لە ‌هێزەکانی پۆلسی کوژران و بەسەدان بریندار بوون، ئەو هاوڵاتیانەی تۆمەتبارکران بەکوشتنی هێزە ئەمنییەکان دادگا حکومی خۆی داو جێبەجێکرا، بەڵام تا ئێستا یەک بەرپرسی حیزبی و حکومی لە دادگاتەوە تاوانبار نەکراو دادگا حوکمی بەسەردا نەدان.



PM:09:10:07/08/2018